سوودەکانی لیمۆ بۆ جەستە

:: AM:10:39:01/08/2020 ‌
لیمۆ میوەیەکی ئـــاوداری ترشە و وەکو جۆرێک لە دارە ترشەمەنیەکان پۆلێن دەکرێت و چەندان سوودی گرنگ بە جەستەی مرۆڤ دەگەیەنێت، لەم هەواڵەدا بەشێک لە سوودەکانی باس دەکەین.

دکتۆر تۆڵە فەرەج مامۆستای زانکۆی پزیشکیی هەولێر بە "وشە"ی گوت: ئێمەی ڕۆژهەڵاتی زۆرینەی کات لیمۆ لەگەڵ خواردن بەکاردەهێنین، وا باوە کە ترشیەتی لیمۆ پاککەرەوەیکی باشی ڕێڕەوی هەرسە و بە تایبەت هەستێکی جیاواز بە ناودەم دەبەخشێت، کاتێک کە لە کۆتـــا ژەمی خواردن بەکاردێت، یا لیمۆ لەگەڵ ئاو تێکەڵ دەکرێت و دەخورێتەوە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە  کانزا و ڤیتامینی تێدایە، توێژینەوە زانستیەکان باس لە گرنگیی لیمۆ بۆ جەستەمان دەکەن، بەهۆی بوونی پێکهاتەی دژەئۆکسیدی ناسراو بە بایۆفلاڤۆنۆید.

ڕوونی کردەوە، دەکرێت بڵێین لیمۆ پاڵپشتە بۆ سێ کۆئەندامی گرنگی جەستەی مرۆڤ کە کۆئەندامەکانی هەرس و سوڕی خوێن و بەرگری جەستەن، ترشێتی لیمۆ هاوکارێکی گرنگی کۆئەندامی هەرسە کە پاڵپشت بۆ ترشی گەدە لە پڕۆسەی هەرسی خۆراک بەشدارە، خۆراک ئاسانتر شی دەبێتەوە بۆ پڕۆتین و کاربۆهیدرات و‌ چەوری و ڕیشاڵ. بوونی کانزای گرنگ لە لیمۆ سوڕی خوێن ئاسان دەکات و کاریگەریی ئەرێنی بۆ سەر فشاری خوێن دەبێت و هاوکار بۆ دڵ و موولوولەکانی خوێن کاردەکات، هەروەهـــا بوونی ڤیتامین لە لیمۆدا وەکو سەرچاوەی بەرگریکردن دژ بە هەر تەنێکی نامـــۆ بە جەستەمان کار دەکات.  

کاریگەریی پۆزەتیفی تری لیمۆ لە نەهێشتنی دروست بوونی بەردی گورچیلە و بۆنی لێمۆ لە ڕێگەی ئەو ڕۆنەی لێوەی دەردەهێندرێت، بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هێڵنجدان لە ئافرەتی دووگیان بەکاردێت و لە باپیرانمانەوە لیمۆ وەکو چارەسەر و کەمکردنەوەی نیشانەکانی پەتای ئەنفلەوەنزای وەرزی بەکاردێت. دکتۆر تۆڵە وای گوت.


وشە - ڕێناس شابان