مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕای گه‌یاند، ڕۆژی شەشی حوزەیرانی وه‌ك ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق دیاری كرد، یه‌كێتی پێ وایه ده‌بێت زیان و سوودی یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كان گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت؛ پارتی ده‌ڵێ، دۆخی كه‌ركووك ئاسایی بكرێته‌وه به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین.
ئەمڕۆ شەموو یەکی ئاب، سه‌عدی ئەحمەد پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، حكوومه‌تی نوێی عێراق دوای حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ دوو مه‌به‌ست بوو، مه‌به‌ستی یه‌كه‌م گێڕانه‌وه‌ی هه‌یبه‌ت بۆ ده‌وڵه‌تی عێراق، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی چه‌ك بۆ ژێرده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكوومه‌ت و نه‌هێشتنی میلشییاكان له ناوچه‌ی سه‌وز هه‌یه به ناوه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و گروپه‌كانی تری سه‌ر به ناوخۆ و ده‌ره‌وه، ئه‌و هێزانه خه‌ڵك ده‌گرن و ڕێز له ئیداره‌ی وڵات ناگرن، جگه له پێشمه‌رگه له ده‌ستووردا ددانی پێدانراوه وه‌ك مه‌نزمه‌ی پاراستنی كوردستان، دووه‌م هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بوو، گله‌ییه‌كی زۆر له‌سه‌ر كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن هه‌بوو به‌وه‌ی گومان له ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌بووه و ته‌زویرات كراوه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، هه‌ڵبژاردن ئاساییه، به‌ڵام ئایا ئه‌و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێسته له قازانجی هه‌رێمی كوردستانه یان زیان، به‌ڕای من ئه‌مه جێگای مشت‌ومڕ و لێكدانه‌وه‌ی سیاسییه، له حزبه‌وه بۆ حزب فه‌رق ده‌كات، له ئه‌سڵدا ئه‌م یاسایه بۆ ئه‌وه‌یه حزب كاڵ بكاته‌وه، په‌رله‌مان جێگای لێكدانه‌وه و مشتومڕه له نێوان حزبه‌كان به‌رنامه‌ی وڵات به‌ڕێوه‌بردنیان ده‌بێت، هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن و زیانه‌كانی له‌به‌رچاو بگرن، ڕاسته ڕه‌خنه‌ی زۆر له حزبه‌كان هه‌یه، به‌ڵام نه‌بوونی حزب كێشه‌یه‌كی زۆر دروست ده‌كات.
یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له خزمه‌تی كۆمه‌ڵێك كه‌س ده‌بێت کە پێیان خۆشه پۆستی باڵایان هه‌بێت، به‌بێ حزب به ئاره‌زووی خۆیان ئه‌وانه ناتوانن كێشه‌ی هاووڵاتییان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ڕه‌گ و ڕیشه‌یان له‌ناو خه‌ڵك نییه، نه منه‌تی پێشمه‌رگه ده‌زانن نه پێویستی كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌لایانه‌وه گرنگه، ئه‌وكه‌سانه سوود له ناكۆكییه‌كانی ناو حزبه‌كان و شییعه و سوننه و وڵاتانی دەوروبەر وەردەگرن، پێم وایه ئه‌وه بۆچوونێكی نه‌زۆكه و ناتوانن خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. پیرە وای گوت.
لای خۆیه‌وه، دیاری حوسێن ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستانی، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، هه‌ڵبژاردن لای ئێمه كارێكی باشه و سه‌رۆك بارزانی له ساڵی 2003 ماوه‌یه‌كی زۆر له به‌غدا مایه‌وه و كاری گه‌وره‌ی بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق كرد، ئه‌گه‌ر بهاتایه و ده‌ستووری عێراق وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرایه، كێشه له عێراقدا دروست نه‌ده‌بوو، خه‌ڵكیش مافه‌كانی بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران له عێراق دیموكراسییان پێ هه‌زم ناكرێت و ڕۆشتنه سه‌ر كورسی به‌زه‌حمه‌ت داده‌به‌زن، ده‌یانه‌وێت هاوشێوه‌ی حكوومه‌ته‌كانی تری عێراق به‌رده‌وام بن له ده‌سه‌ڵات حزبه‌كانیان له ده‌سه‌ڵات بێت.
ده‌بێت هه‌ڵبژاردنێك بكرێت هاوڵاتییان قبووڵی بكه‌ن، به‌ڕای ئێمه هێشتا ئه‌وه‌نه هاتووه‌ته ئاراوه خه‌ڵك له به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق و ئازادانه ده‌نگ بدات، ئێمه وه‌ك پارتی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنداین، ده‌ست له مافه‌كانی گه‌لی كوردستان هه‌ڵناگرین، دیاری حوسێن وای گوت.
زیاتر زانیاریی دا، ئه‌گه‌ر بارودۆخی كه‌ركووك ئاسایی بكرێته‌وه، ئه‌و ڕێكه‌وتنانه‌ی كراون بڕواته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، هاووڵاتییان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و باره‌گاكانمان چۆڵ بكرێت، بگه‌ڕێنه‌وه پێشمه‌رگه ده‌وری كاریگه‌ری هه‌بێت به‌ڵێ، پارتی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كان له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌كات.
هه‌ڵه‌بجه / عه‌زیز ڕه‌سووڵ