مەترسییە گەورەكە ڕوو لە سلێمانی دەكاتەوە

:: PM:03:28:01/08/2020 ‌
بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاری خوار و ناوەڕاستی عێراق مەترسیی هەیە جارێكی تر تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی ژمارەیان بەرز ببێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو یەكی ئاب، دیلمان عەبدولوەهاب پزیشكی سینگ و هەناسە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕاستە دۆخی كۆرۆنا ئێستە لە سلێمانی لە ژێر كۆنتڕۆڵی تەواوەتی دایە، بەلام ڕەنگە 10 ڕۆژی تر سلێمانی بەهاتنی ئەو گەشتیارانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق ببێتە قوربانی.

ئەو كەسانە هاتوون تەنها پشكنینی پلەی گەرمیان بۆ كراوە بۆیە ئەوە مەترسیدارە
ئەو پزیشكە گوتی، ئەو كەسانەی هاتوون دەكرێت ببینە هۆكارێك بۆ دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چونكە مەترسی كۆرۆنا لەوەدایە سەرەتای تووشبوونت تا 48 سەعات نیشانەكان بەدەرناكەوێت ئەو كاتەشی ئەو كەسانە هاتوون تەنها پشكنینی پلەی گەرمیان بۆ كراوە بۆیە ئەوە مەترسیدارە.

ئەمڕۆ نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، بە "وشە"ی ڕاگەیاند: بۆ پرسی هاتنی گەشتیاری دەرەكی بەهۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەسەڵات بە ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگا و دەستە سەربەخۆكان دراوە، بەپێی دۆخی شارەكان ڕێگە بەهاتنی گەشتیار بۆ هەرێم بدەن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە سنووری سلێمانی نزیكەی 10 هەزار گەشتیاری باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەردانی ئەو شارەیان كردووە لە ماوەی دوو ڕۆژی جەژن.





وشە - رامیار جەواد