هەفتەیەكە لە سنووری گوندەكانی شارۆكەی پێنجوێن و هەردوو شارەدێی گەرمك و ناڵپارێز، بەدەیان حاڵەت و رووداوی ئاگركەوتنەوە هەبووە، كە زۆربەیان بەهۆی بوونی مین و تەقەی راستەوخۆی پاسەوانی سنوورەكانی ئێران بوون.
ئەمڕۆ شەموو یەكی ئاب، رێبوار كەمال سەرۆكی رێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە لە پێنجوێن بە"وشە"ـی راگەیاند، بەداخەوە ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر ئاگر بەتایبەتیش لەمانگی تەمووزدا لە سنووری گوندەكانی شارۆكەی پێنجوێن و هەردوو شارەدێی گەرمك و ناڵپارێز كەوتتنەوە، كە بەشێكیان لەلایەن دەستی ناحەز و كەسانی نادیارەوە بووە، بەسوپاسەوە زۆربەی گوندنشینانی دڵسۆز و خەمخۆری گوندەكانی سنوورەكە هاوكارمان بوون لە هەوڵی كوژاندنەوەی ئەو ئاگرانە.
زۆر جار تاوانكارەكان وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن
ئەو چالاكە ژینگەیە گوتی، بەداخەوە بەهۆی نەبوونی لیژنەی باشی لێپێچینەوە و بەدواداچوون، زۆر جار تاوانكارەكان وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن، كەس نییە حەقی سووتانی درەخت و گیاندار و باڵندە بسێنێت.
نەشوان كەریم هاووڵاتی و دانیشتووی گوندی نزارەی نزیك پێنجوێن، بۆ "وشە"، ئاماژەی بەوەدا، ئاگری ئەمساڵی ناوچەكەمان لەكاتێكی گەرمدایە، كە تەنیا لەگوندەكەی ئێمەدا چەندین ئاگر هەبووە، بەشێكی زۆریان بەهۆی تەقەی پاسەوانی سنووری ئێران و مینەوەیە، ئەوەش وایكردووە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكان ئاستەم بێت.
روونی كردەوە، نەبوونی ئاگر بڕ یەكێكە لەو هۆكارانەی وایكردووە راستەوخۆ كەوتنەوەی ئاگرەكان تەشەنە بسەنێت و نەتوانرێت بەزوویی رێگەی لێ بگیرێت.
بەپێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، كە وێنەیەكی تایبەت دراوە بە "وشە"، تەنیا لەماوەی مانگی رابردوودا، زیاتر لە هەزار دۆنم لەزەوی پوش و پاوان و دارستانی سنوورەكە، كە زۆربەیان لەدارستانەكانی گوندە سنووریەكاندا بوون، بەهۆی ئاگركەوتنەوە سووتان.
وشە/ رێبین پێنجوێنی