ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەنداوی كوچەك لە سنووری پارێزگای كەركووك گەنجێك لەكاتی مەلەكردندا خنكا و هێشتا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەموو یەكی ئاب، سەڵاحەدین رەجەب ئەفسەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركووك بە "وشە"ـی راگەیاند، سەعات شەشی و نیوی ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگەدار كراینەوە لە خنكانی گەنجێك لە بەنداوی كوچەك لە سنووری شارەدێی چیمەنی پارێزگای كەركووك.
تیمی تایبەتی مەلەوانیش لە شوێنی ڕووداوەكەن
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس گوتی، ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتییان بینویانە ئەو گەنجە نوقمی ئاوەكە بووە و خنكاوە، بەڵام هێشتا ناسنامەی نەناسراوەتەوە، چونكە تەرمەكەی دەرنەهێنراوە.
باسی لەوەشكرد، تیمەكانی پۆلیسی فریاكەوتن و كەسانی مەلەوان لەهەوڵی دۆزینەوەی تەرمەكەیدان، تیمی تایبەتی مەلەوانیش لە شوێنی ڕووداوەكەن.
تا ئێستە كۆی ئەوكەسانەی لە رووبارو بەنداوەكانی سنووری كەركووك خنكاون، گەیشتۆتە 15 كەس.
ساڵانە بەهۆی هاتنی گەرما گەنجان ڕوو لە ڕووبار و گۆماوەكان دەكەن بەهۆی ناشارەزایی و نەزانینی مەلەوانی چەندان كەس ساڵانە دەخنێكن.
گەرمیان / سەبری هۆرێنی