وەزارەتی تەندروستی لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ روونکردنەوە دەدات

:: PM:02:28:03/08/2020 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای دەگەیەنێت، یەک لە پێشنیازەکانی وەزارەتەکەمان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، قەدەغەی هاتووچۆیە لە پارێزگای هەولێر.
یەک لە پێشنیازەکانمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی هاتوچۆیە

ئەمرۆ دووشەم سێی ئاب، محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پێشنیازمان ئامادە کردووە لەسەر ئاستی پارێزگاکان بۆ رێگری لەو تەشەنەکردنە خێرایەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو ژمارەی تووشبووان لە پارێزگای هەولێر و دهۆک بە رێژەیەکی بەرچاو رووی لە هەڵکشان کردووە و ئێمەیش وەک وەزارەتی تەندروستی یەک لەو پێشنیازانەی لە کۆبوونەوەکەدا دەیخەینە روو، داخستنی شوێنە گشتییەکان و قەدەغەی هاتووچۆیە.

"پارێزگای سلێمانی بە بەراورد لەگەڵ هەفتەکانی رابردوو دۆخی جێگیرە و بەپێی ئەو ئامارەی دوێنێ لە تەندروستی گشتی ئەو پارێزگایە پێمان گەیشتووە، یەک تووشبوویش لە ژووری جاودێری چڕ نەماوە و دۆخەکە لەو پارێزگایە جێگیرترە لەچاو پارێزگاکانی تری کوردستان" محەمەد قادر وای گوت.

گەتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دووپاتی دەکاتەوە، ئێمە پێشنیازەکانمان دەدەینە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دوا بریاریش لەلایەن لیژنەی باڵایە، دواتر ژووری ئۆپراسیۆنەکان بریاری کۆتایی لەبارەی راگرتن یان رێگەپێدان بە هاتووچۆی گشتی دەردەکات.



وشە - هیدایه‌ت جان