حەوت ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شێركۆ بێكەس تێدەپەڕێت

:: AM:10:10:04/08/2020 ‌
ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شاعیر شێركۆ بێكەس تێدەپەڕێت، بێكەس دوای تووشبوونی بە شێرپەنجە و پچڕانی ژێیەكانی قوڕگی، تاكە ئاواتی ناشتنی بوو لە پاركی ئازادی لە سلێمانی.

كەلێنێكی گەورەی لە ئەدەب و شیعری كوردیدا دروست كرد
شێركۆ بێكەس لە دووی حوزەیرانی 1940 لە شاری‌ سلێمانی لەدایك بووە‌، كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایەق بێكەسە، لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە دەرەوەی وڵات بەهۆی نەخۆشییەوە دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوتووە، كەلێنێكی گەورەی لە ئەدەب و شیعری كوردیدا دروست كرد.

نەخۆشكەوتنی بێكەس:
رۆژی 17ی نیسانی 2013 بێكەس تەندروستی تێكدەچێت و  لە سلێمانییەوە گەیەنرایە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، سەرجەم ئەو پشكنینانەی پزیشكە تایبەتییەكانی بۆیان كردووە، ئەوەیان ڕوون كردەوە یەكێك لە ژێیەكانی قوڕگی تووشی پچڕان بووە بەهۆی ماندووبوونی زۆرەوە.

لە پشكنینەكاندا دەركەوت جگە لەوەی سییەكانیشی بەهۆی زۆری كێشانی جگەرەوە تووشی شێرپەنجە بووە، بە ئەستەم قسەی بۆ دەكرا، بەڵام رۆیشتن ‌و خواردن ‌و هەڵسوكەوتی رۆژانەی ئاسایی بوو، تا ئەوكاتەی تەندروستی تا ئاستێك تێكچو‌و، پزیشكەكان رایان گەیاند كە باری تەندروستی تێكچووە ‌و ناجێگیر بووە.

شێركۆ بێكەس  جگە لە چالاكییەكە شیعرییەكانی، ڕۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی ڕەوتی ڕوانگە و خاوەنی زیاتر لە 30 كتێبی شیعری، بەشێك لە شیعرەكانی وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی عەرەبی ‌و توركی ‌و فارسی ‌و ئینگلیزی ‌و سوێدی ‌و دانیماركی ‌و فڕەنسی ‌و ئیتالی ‌و ئەڵمانی ‌و هەنگاری ‌و دوا كاریشی بەڕێوەبەری دەزگای چاپ ‌و پەخشی سەردەم بووە لە شاری سلێمانی.

وەسیەتنامەكەی شێركۆ بێكەس:
"من نامەوێ لە هیچ كام لە گرد‌ و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن ‌و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕ بوونەتەوە‌ و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی‌ و ئەنجوومەنی شارەوانی شارەكەم رێم پێ بدەن و ئەوەم پێ رەوا ببینن، لە پاركی ئازادی ‌و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی (1963)ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە‌ و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردووییش نزیكی ئەو خەڵكە‌ و ژن‌ و پیاو‌ی شارەكەم‌‌ و دەنگی مۆسیقا‌ و گۆرانی‌ و هەڵپەڕكێ‌‌ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم".

 "با كتێبخانەكەم‌ و دیوانەكانم‌ و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێنی مەزارەكەم، با كافتریایەك‌‌ و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆ ئەوەی شاعیران‌‌ و نوو‌سەران‌‌ و كچ‌ و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم‌‌ و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان ‌و ئەڵاوەیسییەكەی مەردان‌ و سروودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ‌ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێ بدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم‌‌ و بەناوی (بێكەس)ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ ‌و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێراوی ئەو ساڵە‌ و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێی دەهێڵم". لە وەسیەتنامەكەی بێكەسدا هاتووە.



وشە - رامیار جەواد