تەرمی گەنجێك بە خنكاوی دۆزرایەوە

:: AM:11:46:04/08/2020 ‌
بەرپرسێكی پۆلیس ڕای دەگەیەنێت، تەرمی گەنجێك گەیەنرایە نەخۆشخانە كە شوێنەواری پەت بە ملییەوە دیارە و تەمەنی 21 ساڵە.

ئەمڕۆ سێشەم چواری ئاب، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێكی تەمەن 21 ساڵ لە ڕەگەزی نێر بەناوی "ئ، ر، س" دانیشتووی ڕانیە گەڕەكی ڕزگاری، گەیەنرایە پزیشكی دادوەری ڕانیە.

بەگوتەی كەسوكاری، ئەو كەسە لە ماڵەكەی خۆیان خۆی هەڵواسیوە
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، تەرمەكە شوێنەواری پەت بە ملیەوە هەبووە. دوای ئەنجامدانی توێكاری بۆ تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.

باسی لەوەش كرد، بەگوتەی كەسوكاری، ئەو كەسە لە ماڵەكەی خۆیان خۆی هەڵواسیوە و بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەست داوە. دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە و بۆ زانینی هۆكاری ڕاستەقینەی ڕووداوەكە، لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

خۆخنكاندنی ئەو گەنجە لە كاتێكدایە دوێنێ‌ پێنج هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان لەكاتی مەلەكردن خنكاون و تەرمی یەكێك لەو هاووڵاتییانە ئەمڕۆ لە شارۆكەی دوكان دۆزرایەوە.



وشە - رامیار جەواد