تەقینەوەیەك لە ئێران رووی دا

:: AM:10:39:05/08/2020 ‌
لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان تەقینەوەیەك رووی دا و بەهۆیەوە ژمارەیەك پاسدار بریندار بوون.

هەواڵی تەقینەوەكە هەر لەلایەن قەرارگای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاو كرایەوە و باسی لەوە كردووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم لە ناوچەی زیباشەهری زاهیدان بۆمبێك لە نزیك ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی دانرابوو و دوای تەقینەوەكەی زیان بەر ئۆتۆمبێلەكە كەوت.

سەرچاوەكەی سوپا ئاماژەی بەوە نەكردووە هیچ كەسێك بریندار بووبێت، بەڵام "بی بی سی" لە زاری رۆژنامەی سۆبح بڵاوی كردەوە كە بەهۆی ئەم تەقینەوەیە چوار كەس بریندار بوون.

ماڵپەڕی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش بڵاوی كردەوە لەسەر ئەم تەقینەوەیە پێنج گومانلێكراو گیراون.

دوو هەفتە لەمەوبەریش كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی سوپای پاسداران كرایە ئامانج
ئەمە یەكەم جار نییە لەو پارێزگایە هێرش دەكرێتە سەر سوپای پاسداران و دوو هەفتە لەمەوبەریش كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی سوپای پاسداران كرایە ئامانج و جەیشولعەدل لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت.

سیستان و بەلووچستان بە مەزەو سوننە و بە نەتەوەش بەلووچن و هاوشێوەی كورد لە ژێر ستەمی دەسەڵاتی تاراندان، بۆیەش كۆمەڵێك حزب و گرووپ لەو پارێزگایە سەریان هەڵداوە لە بەرەنگاری حكوومەت دەبنەوە.


وشە - سلێمان تاشان