نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە و بەرزترین نرخی لەوەتەی پێنج مانگی رابردوو تۆمار كرد. راگەیاندنی ئاماری كۆگای نەوت لە ئەمەریكا بە گرنگترین هۆكار هەژمار دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئابی 2020 هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 45 دۆلار و 40 سەنت دەفرۆشرێت و دواجار لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ نرخی نەوت لەم ئاستە فرۆشراوە. هاوكات بەهای نەوتی تێكساسی ئەمەریكی بە 42 دۆلار و 71 سەنت دەفرۆشرێت.
گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی بریتییە لە دواین ئاماری نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا كە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەكان سەرووی هەشت ملیۆن بەرمیل دابەزی لە كاتێكدا پێشبینی دابەزینی سێ ملیۆن بەرمیل كرابوو.
جگەلەمە بازاڕەكانیش بەرەو بووژانەوە دەچن و ئاستی داخوازی لەسەر نەوت بەرەو هەڵكشان دەچێت كە هۆكارێكی تری هەڵكشانی بەهای نەوتە لە بازاڕەكانی دنیا.
شەشی ئاداری ئەمساڵ كە رۆژی هەینی و دواین رۆژی هەفتەبازاڕی بۆرسە بوو، نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 45 دۆلار داخرا، بەڵام كاتێك رۆژی دووشەم نۆی ئادار هەفتەبازاڕی بۆرسە كرایەوە، لەپڕ 11 دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت دابەزی.
ئەم دابەزینە لە نرخی نەوت شۆكێكی قورس بوو بۆ سەر بازاڕەكانی نەوت و سەرەتایەكی مەترسیدار بوو بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كە رۆژانێكی خراپ چاوەڕێی داهاتووی ئابوورییان دەكات و دەبێ دۆخێكی سەخت بەڕێ بكەن.
ئەو جەنگەی سعوودیە دژی رووسیا بە هەناردەی نەوتێكی زۆر دەستی پێ كرد بە زیانی خۆی و سەرجەم وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت شكایەوە، دواتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێندەی تر دۆخەكەی ئاڵۆز كرد و كار گەیشتە ئەوەی بەرمیلی نەوتی برێنت لە خوارووی 16 دۆلار و نەوتی تێكساسیش بە زیان بفرۆشرێت، بەرهەمهێنەرانی نەوت بڕە پارەیەكیش بە كڕیار بدەن تا لە كۆگا نەوتەكە بگوازنەوە و كرێی هەڵگرتنی نەوتەكەیان لەسەر كەڵەكە نەبێت.
لە سەرەتای مانگی ئایارەوە بە كردەنی نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل لە قەبارەی هەناردەیان كەم كردەوە.
ئەو رێوشوێنانەی وڵاتانی ئۆپێك پڵاس بۆ دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت گرتیانەبەر، گرنگترین هۆكار بوو لەوەی رێ نەدەن نرخی نەوت لە ئاستێكی نزمدا بمێنێتەوە و لە سەرەتای مانگی ئایارەوە بە كردەنی نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل لە قەبارەی هەناردەیان كەم كردەوە.
بە بەگەڕخرانی زیاتری چەرخی پیشەسازی و بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی دەكرێ چاوەڕێی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت و هەڵكشانی داهاتەكانی نەوت لە هەموو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بكرێ.