بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكاته‌وه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌ڕێكی تری گفتوگۆكان، به گوته‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، له‌م سه‌ردانه‌دا هه‌رێم و به‌غدا رێكده‌كه‌ون.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م پێنجی ئاب، ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به "وشه"ی راگه‌یاند، شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌ردانی به‌غدا ده‌كاته‌وه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی رێككه‌وتن.
هه‌رێم و به‌غدا ڕێكده‌كه‌ون
له باره‌ی ئه‌وه‌ی تا چه‌نده ئه‌گه‌ری رێككه‌وتن له‌م گفتوگۆیانه هه‌یه، ڤیان سه‌بری بڕوای خۆشی پێشاندا كه هه‌رێم و به‌غدا ڕێكده‌كه‌ون و له‌و باره‌یه‌وه گوتی، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ن ئه‌م سه‌ردانه ئه‌نجامی باشی ده‌بێت و رێككه‌وتنی لێده‌كه‌وێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێككه‌وتن له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كان كراوه كه داهاتی چه‌نده‌ی نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكرێت و له به‌رانبه‌ردا به‌غدا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم ره‌وانه بكات.
لای خۆیه‌وه حه‌سه‌ن ئالی په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كاته‌وه و رێككه‌وتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
روونیشی كرده‌وه كه تا ئێسته هیچ شتێك یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه و رێككه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كراوه، پێشتر باسی راده‌ستكردنی نه‌وت ده‌كرا، به‌ڵام ئێسته باسی راده‌ستكردنی به‌شێك له داهاتی گومرك و خاڵه سنوورییه‌كانیش ده‌كرێت كه هێشتا یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه 50% زیاتره یان نا.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام دووپاتی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه له ڕێی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا مافی خه‌ڵكی كوردستان وه‌رده‌گرنه‌وه.
سلێمانی/ هه‌ستیار عه‌بدوڵا