به گوێره‌ی به‌دواداچوونێكی "وشه" چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له شارۆكه‌ی خورماتوو، به‌هۆی بازرگانی و به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر گیراون، هاوكات زانیارییه‌كان باس له دروستبوونی كێشه و ناكۆكی له نێوان گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له شارۆكه‌ی داقوویش ده‌كه‌ن.
عه‌مید حوسێن عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی خورماتوو، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له‌لایه‌ن هێزه‌كانمانه‌وه سێ چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی به تۆمه‌تی بازرگانیكردن و به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر گیران.
زیاتر گوتی، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی پله‌ی ئه‌فسه‌ریان له ڕیزه‌كانی میلیشیاكان هه‌یه و ماوه‌یه‌كه كاری بازرگانیكردن به هۆشبه‌ره‌كانه‌وه ده‌كه‌ن و به نه‌ته‌وه توركمانی شیعه مه‌زه‌ون و سه‌ر به گرووپی میلیشیاكانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌قن.
له داقووق پۆست و پله و پایه كێشه‌ی خستووه‌ته ناو میلیشیاكانه‌وه
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست "وشه" كه‌وتووه له شارۆكه‌ی داقووقیش له‌سه‌ر پۆست و پله و پایه ناكۆكی و ململانێ له نێو گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دروست بووه، بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر "وشه" پێوه‌ندی به سه‌ركرده‌ی میلیشیاكان له داقووق كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی پێوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه.
هاوكات هیوا ڕه‌شید به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی داقووقی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشه" پشتڕاستی كرده‌وه و گوتی، ئێمه‌یش زانیارییه‌كی له‌وجۆره‌مان پێگه‌یشتووه كه كێشه كه‌وتووه‌ته ناو میلیشیاكان له شارۆكه‌ی داقووقه‌وه.
گه‌رمیان/سه‌بری هۆرینی.