بڕیاره ئه‌مڕۆ به مه‌به‌ستی هاوسۆزی به‌رانبه‌ر ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یرووتی پایته‌ختی
لبنان، یه‌كه‌م سه‌ركرده‌ی ئه‌وروپا بگاته ئه‌و وڵاته و له نزیكه‌وه چاودێری بارودۆخه‌كه بكات.
له نزیكه‌وه چاودێری بارودۆخه‌كه ده‌كات
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م شه‌شی ئاب، بڕیاره ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆك كۆماری فڕه‌نسا سه‌ردانی لبنان بكات، به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانی خه‌ڵكی لبنان.
ماكرۆن سه‌رۆك كۆماری فڕه‌نسا ڕای گه‌یاندووه، "لبنان له كاتێكی وادا بۆ كه‌س به‌جێ ناهێڵین و به‌هه‌موو هێزێكمانهوه هاوكاری ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ین".
تا ئێسته دیار نییه سه‌ردانه‌كه‌ی ماكرۆن كه‌ی ده‌بێت و له‌و وڵاته كێ ده‌بینێت، به‌ڵام ئه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه كه سه‌ردانی لبنان ده‌كات و له نزیكه‌وه لیكۆڵینه‌وه له‌و ڕووداوه ده‌كات، ئه‌مه‌یش دوای كه‌متر له 48 سه‌عات له ڕوودانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یرووت، ده‌بێته یه‌كه‌م سه‌ركرده‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا سه‌ردانی لبنان ده‌كات.
پێشتر حكوومه‌تی لبنان داوای هاوكاری له وڵاتانی دۆست و هاوڕێ و ناوچه‌كه كرد، تا یارمه‌تی وڵاته‌كه‌ی بده‌ن له‌و ته‌قینه‌وه گه‌وره‌یه‌دا كه زیانی به 300 هه‌زار ماڵ گه‌یاندووه و ته‌واوی سایلۆ و باڵه‌خانه‌كانی به‌نده‌ری به‌یرووتی وێران كردووه، تا ئێسته زیانه‌كان به پێنج ملیار دۆلار خه‌مڵێنراون، هه‌ریه‌ك له وڵاتانی عێراق و توركیا و ئوردن و ئیمارات و فڕه‌نسا هاوكارییه‌كانیان گه‌یاندووه‌ته ئه‌و وڵاته.
دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌م چواری ئاب، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره به‌نده‌ری به‌یرووتی پایه‌ته‌ختی لبنانی هه‌ژاند، وه‌زیری ته‌ندروستی لبنان ڕای گه‌یاند، كه ئاماری قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كه گه‌یشتووه‌ته 135 كوژراو و پێنج هه‌زار بریندار.