وەلید جونبوڵات: لبنان داگیر كراوە و حكوومەتەكەی جێی متمانە نییە

:: PM:05:10:06/08/2020 ‌

تا ئێستە هۆكاری تەقینەوەكەی سێشەمی رابردووی بەیرووت دیار نییە، ئەوەی هەیە شارێكی وێران بوو و هەڵكشانی ئاماری قوربانیان و گەیشتنی یارمەتی وڵاتانە بۆ لبنان، وەلید جونبوڵات، سەركردەی دورزی ئاماژەی كرد كە لبنان داگیر كراوە و متمانەی بە حكوومەتەكەی نییە.
دەبێت سوپا كۆنترۆڵی بەندەر و دەروازە سنوورییەكان بكات
ئەمڕۆ پێنجشەم لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جونبوڵات، كە سەركردەی پارتی پێشكەوتنخوازی سۆسیالیستە، داوای لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لە رووداوەكە كرد كە بووەتە هۆی كوژرانی دەیان و برینداربوونی هەزارانی تر، ئەو دووپاتی كردوە، لە نزیك و دوورەوە باوەڕمان بە لیژنەی لێكۆڵینەوەی ناوخۆیی نییە و تەنانەت متمانە بە حكوومەتیش ناكەین. 

زیاتر گوتی، بەیرووت لە دۆخێكی گوماناویدا وێران كرا، رەنگە پیلانێك بێت، بۆیە كەمتەرخەمییەكی گەورە لەلایەن دادگە و دەزگا تەناهییەكان هەیە، جونبوڵات وریایی لە كۆنترۆڵكردنی حزبوڵا و رەوتی نیشتمانی بۆ پەرلەمانی لبنان دا و دووپاتی كردەوە، كۆمەڵەی دیداری دیموكراسی بڕیاری مانەوەی لە پەرلەمان داوە، چونكە لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەی بوار بۆ رەوتی نیشتمانی- حزبوڵا چۆڵ دەكات بۆ كۆنترۆڵكردنی پەرلەمان.

ئەو سیاسەتوانە دێرینەی لبنان دووپاتی كردەوە كە پێویستە كۆنترۆڵی بەندەر و دەروازە سنوورییەكان بكرێت، هەروەها داوای پێكهاتنی حكوومەتێكی بێلایەن و بێ نەیار دەكەین، بۆ ئەوەی لبنان لە سیاسەتی بەرە جیاوازەكان بێنینە دەرەوە، چونكە هیچ متمانەیەكمان بەو باندە فەرمانڕەواییەی ئێستە نییە، ئاشكرای كرد كە لێكۆڵینەوەكان هۆكاری تەقینەوەكە ئاشكرا دەكەن، بەڵام ئەو مادەی تەقیوەتەوە پێویستی ئامرازی تەقاندنەوەی هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل