سۆران.. 21 كه‌سی تر‌ تووشی ڤایرۆسى كۆرۆنا بوون

:: AM:10:06:07/08/2020 ‌
له‌ كۆی 54 پشكنین ده‌ركه‌وتووه‌ 21 كه‌سی تر له‌ سنووری شارۆكه‌ى سۆران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه‌.

ئه‌مڕۆ هیچ مزگه‌وتێك ناكرێته‌وه
ئه‌مڕۆ هه‌ینى حه‌وتى ئاب، كرمانج عزه‌ت قائمقامی شارۆكه‌ى سۆران، له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڕاى گه‌یاندووه‌، ئه‌و 21 تووشبووه‌، سێیان له‌ ڕه‌واندوز و یه‌كێكیان له‌ خه‌لیفان و 17 كه‌سیشیان له‌ ناو سۆرانن.

كرمانج عزه‌ت ڕوونى كردووه‌ته‌وه‌، بە ھۆی زۆربوونی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ سنووره‌كه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ینی هیچ مزگه‌وتێك ناكرێته‌وه‌ و وتاری هه‌ینی ناخوێنرێته‌وه‌ و شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كانیش داده‌خرێن.

له‌ به‌شێكی ترى په‌یامه‌كه‌یدا ئاشكراى كردووه‌، ڕه‌وشه‌كه‌ قورسه‌ و خه‌ریكه‌ نه‌خۆشخانه‌كان جێگه‌ی نه‌خۆشیان تێدا نه‌بێته‌وه‌.

شایه‌نى باسه‌ دوێنێ وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕای گه‌یاند، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌رزترین ژماره‌ی تووشبوون و مردن به‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا تۆمار كراوه‌، به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی، له‌ 24 سه‌عاتی ڕابردوودا، 14 كه‌س‌ به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و 507 كه‌سیش تووشی ڤایرۆسى كۆرۆنا بوونه‌. 


وشە - محەمەد میران