ئیتلاعاتی ئێران هەشت هاووڵاتیی كوردیان گرت

:: AM:11:21:07/08/2020 ‌
ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕای گەیاندووه‌، لە شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەشت هاووڵاتیی كورد بە تۆمەتی كاركردن بۆ حزبێكی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیران.

بە تۆمەتی كاركردن بۆ حزبێكی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان
ئه‌مڕۆ هه‌ینى حه‌وتى ئاب، ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕای گەیاندووه‌، شەوی سێشەم چوارى ئاب، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای کرماشان کە نزیکەی 50 کەس دەبوون پاش گەمارۆدانی ماڵێک لە گەڕەکی فەرهەنگییانی پاوە، هه‌شت هاووڵاتیی کوردیان گرت و بەرەو شوێنێكی نادیارییان گواستنەوە.

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، یەکێك لە گیراوه‌كان ناوی (پەرەستو حەسەنزادە) خەڵکی پاوەیە، یەكێكی ترشیان هاوسەرەكەیەتی كە ناوی "ئەرسەلان"ەو ناوى خێزانه‌كه‌ی نەزانراوە و خەڵکی سنەیە.

ئاماژە كراوە، ئەو شەش كەسەی تر دوانیان ژن بوونه‌ و سەرجەمیان خەڵكی بانە بوونه‌، بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبێکی کوردستانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران گیراون.

به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئاماری تۆماركراو له‌ ناوه‌ندی ئامار و به‌ڵگه‌نامه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌، له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا شه‌ش هاووڵاتیی كورد له‌ گرتووخانه‌كانی كرماشان، ورمێ و نه‌غه‌ده‌یش‌ له‌ سێداره‌ دراون.


وشە - محەمەد میران