پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت

:: AM:11:33:08/08/2020 ‌
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، هەنگاوەكان بۆ دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەستی پێ‌ كردووە و لەم هەفتەیە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی.

ئەمڕۆ شەموو هەشتی ئاب، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێری بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەنگاوەكان بۆ دابەشكرنی پارەی گەنمی جووتیاران دەستی پێ‌ كردووە و چاوەڕوانین لەم هەفتەیە تەواو بێت.

ڕەنگە سێشەم یان چوارشەم دەست بكرێت بە دابەشكردنی بەسەر جووتیاران
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی، بڕی دوو ملیار دینار هاتووە، بۆ دابەشكردنی ئەو پارەیە ڕەنگە سێشەم یان چوارشەم دەست بكرێت بە دابەشكردنی بەسەر جووتیاران لە بەرانبەر ڕادەستكردنی بڕە گەنمی ئەمساڵیان.

باسی لەوەش كرد، سەرەتا پارەی ئەو جووتیارانە دابەش دەكرێت كە زووتر گەنمیان ڕادەست كردووە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمیش ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو كۆتایی هات.

ڕوونی كردەوە، تا ئێستە نزیكەی 110 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و لەو ژمارەیە بە قۆناغ كارەكان بەڕێوە چوون و سەرجەم كارەكان كۆتاییان هاتووە.

وەرگرتنی ئەو پارەیە لە كاتێكدایە بەهۆی دروستكردنی ململانێی سیاسی لەلایەن عێراقەوە، تا ئێستە پارەی گەنمی سێ‌ ساڵی ڕابردوو بۆ هەرێمی كوردستان نەهاتووە و بڕەكەشەی لە نیو تریلۆن دینار زیاترە.



وشە - رامیار جەواد