"بەندەری بەیرووت شوێنی بەرهەمهێنانی مووشەك بووە"

:: PM:01:08:08/08/2020 ‌
زۆربەی لبنانییەكان خوازیاری ئەوەن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لێكۆڵینەوە لە رووداوی تەقینەوەی بەیرووت بكرێت، پسپۆڕێكی بواری مادە تەقەمەنییەكانیش زانیاریی نوێ ئاشكرا دەكات و پێی وایە، ئەوەی تەقیوەتەوە تەنیا نیتراتی ئامونیۆم نەبووە، بەڵكو چەكی قورس و جۆری تەقەمەنی بەهێز تەقیونەتەوە. 

سێشەمی رابردوو تەقینەوەیەكی بەهێز بەیرووتی پایتەختی لبنانی هەژاند كە بەهۆیەوە سەرووی پێنج هەزار كەس بریندار بوون و سەرووی 150 كەسیش گیانیان لە دەست دا. قسەی جیاواز لەسەر هۆكاری ئەم تەقینەوەیە دەكرێت.
ئەوەی بە فەرمی بڵاو كراوەتەوە تەقینەوەی دوو هەزار و 750 تۆن نیتراتی ئامونیۆم بووە

میدیاكانی ناوخۆی لبنان و دەرەوەی لبنان و تەنانەت بەرپرسان و دەسەڵاتداران هەریەكە و شتێك دەڵێن. ئەوەی بە فەرمی بڵاو كراوەتەوە تەقینەوەی دوو هەزار و 750 تۆن نیتراتی ئامونیۆم بووە كە شەش ساڵە لەم بەندەرە كۆگا كراوە. لە ساڵی 2014 ویستراوە ئەو مادەیە بە كەشتی لە جۆرجیاوە بەرەو كیشوەری ئەفریقا بگوازرێتەوە كە لە نزیك بەندەرەكە تووشی كێشەی تەكنیكی دەبێت و دواجار كەشتییەكە لە لایەن بەندەری بەیرووت دەستی بەسەردا دەگیرێت و سەرجەم بارەكەی بۆ كۆگایەكی بەندەرەكە دەگوازرێتەوە. 

یەكێك لە ناسراوترین پسپۆڕە ئیتاڵییەكان لە بواری تەقینەوە باسی لەوە كردووە، ئەم تەقینەوەیە تەنیا نیتراتی ئامونیۆم نەبووە، بەڵكو و چەكی قورس و تەقەمەنی تر لە هەمان شوێن كۆگا كراوە و ئەم تەقینەوە گەورەیەی لێ كەوتووەتەوە.

بە رەنگی دووكەڵەكە دەسەلمێنرێت
بەگوێرەی ئەلعەرەبیە، دانیلۆ كوبی بۆ رۆژنامەیەكی ئیتاڵی گوتوویەتی، ئەو هەورە رەنگ پرتەقاڵییەی لە دوای تەقینەوەكە بەری ئاسمانی گرت، سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە شوێنەكە كۆگای چەك و تەقەمەنی بووە.

ئەو دەڵێت ئەو بڕە زۆرە نیتراتی ئامونیۆمە ناتوانێ بە یەكەوە بتەقێتەوە ئەگەر پاڵنەری تری تەقینەوە لە شوێنەكە نەبووبێت.

هەندێك سەرچاوە باسیان لەوە كردبوو كە هەر لەو بەندەرە كەرەستەی یاریی ئاگرین كۆگا كراوە و هۆكار بووە لە تەقینەوەكە، بەڵام پسپۆڕە ئیتاڵییەكە دەڵێت ئەو مادە تەقەمەنییەی لە یارییە ئاگرینەكان بەكار دەهێنرێت، ئەوەندە زۆر نییە و تەنانەت جۆری تەقینەوەكەشیان جیاوازە و دەبوو بەر لە تەقینەوە گەورەكە، هەندێك دەنگی جیاواز ببیسترایانە.
ئاماژەیە بۆ تەقینەوەی كانزای لیتیۆم كە لە بەرهەمهێنانی مووشەكدا سوودی لێ وەردەگیرێت.

ئەو پێشبینی كردووە بەندەرەكە شوێنێك بێت بۆ بەرهەمهێنانی مووشەك، چونكە كاتێك نیتراتی ئامونیۆم بتەقێتەوە، دووكەڵیكی رەنگ زەرد بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی لە تەقینەوەكەی بەیرووت بینرا تەنیا هەورێكی سپی نەبوو، بەڵكو رەنگێكی پرتەقاڵی نزیك بە سوور لە ناو هەورەكە بینرا و ئاماژەیە بۆ تەقینەوەی كانزای لیتیۆم كە لە بەرهەمهێنانی مووشەكدا سوودی لێ وەردەگیرێت.

بەگوتەی ئەو پسپۆڕە ئیتاڵییە چەكی قورس لەم شوێنە حەشار دراوە، تەقینەوەكەی یەكەم جاریش بەشێك بووە لەو تەقەمەنییانە و دواتر سەرجەم كۆگاكەی گرتووەتەوە.
لبنانییەكان هیچ متمانەیەكیان بە لێكۆڵینەوە ناوخۆییەكان نییە

پێویستە بگوترێت لبنانییەكان هیچ متمانەیەكیان بە لێكۆڵینەوە ناوخۆییەكان نییە و دەترسن وردەكارییەكانی ئەم تەقینەوەیە بەلاڕێدا ببرێت، دواجار وا لێك بدرێتەوە رووداوێكی ئاسایی بووە كە لە ئاكامی لەحیمكردنی دەرگایەك رووی داوە.

پێشتریش كۆمەڵێك زانیاری لەسەر گوڕ و هێزی تەقینەوەكە بڵاو كراونەتەوە و پسپۆڕانی بواری تەقینەوە ئاشكرایان كرد، هێزی ئەم تەقینەوەیە هاوتا بووە لەگەڵ یەك لەسەر 10ی ئەو تەقینەوە ناوكییەی لە كۆتایی جەنگی دووەمی جیهانیی لە هێرۆشیمای ژاپۆن رووی دا.

حزبوڵا بەرپرسیارە
بەگشتی گومانەكان لەسەر ئەوەن حزبوڵای لبنانی دەستی بەسەر بەندەرەكەدا گرتبێت و ئەو شوێنەی بۆ چالاكییە سەربازییەكانی خۆی دژی ئیسرائیل بەكار هێنابێت.

حزبوڵا لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دارایی و سەربازی كراوە و لە جەنگی سووریاشدا حزبوڵا شانبەشانی سوپای پاسدارانی ئێران رۆڵیان هەبووە لە رزگاركردنی بەشار ئەسەد لە رووخان.

بەرپرسانی باڵای ئێران و لەوانەش عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، چەندان جار لە وتارەكانی هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیلی كردووە و گوتوویەتی لەسەر نەخشەی سیاسیی دنیا دەیسڕێتەوە. 

هیچ دەرفەتێك لەمە زێڕینتر نییە بەندەرێكی ئەم وڵاتە بۆ ئەم چالاكییە سەربازییانە بەكار بهێنرێت
پێوەدنییەكانی نێوان ئێران و حزبوڵا زۆر بەهێز بووە و هیچ دەرفەتێك لەمە زێڕینتر نییە بەندەرێكی ئەم وڵاتە بۆ ئەم چالاكییە سەربازییانە بەكار بهێنرێت كە زۆر نزیكە لە ئیسرائیل و لە كاتی روودانی هەر جەنگێك لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، لەم بەندەرەوە ئێران گورزی خۆی لە ئیسرائیل بوەشێنێت. جگەلەمە بەندەرەكە پارێزراوە لە هێرشی دوژمن و كەس ناتوانێ گومانی ئەوە بكات لەم شوێنە مووشەك بەرهەم دەهێنرێت.

پێشتریش لە شوێنی نیشتەجێبوون كۆگای هاوشێوە لە تاران بنیات نراوە و تەنانەت بەشێك لە چالاكییە ناوكییەكانی ئێرانیش لەم شوێنانە بووە كە بە شوێنی نیشتەجێبووونی هاووڵاتییان هەژمار دەكرێت، مەبەستەكەش بەلاڕێدابردنی بیری دوژمن بووە بۆ زانینی شوێنی چالاكییەكان و تەقاندنەوەیان. مانگی رابردوو لە تاران، ئیسفەهان، خووزستان چەندان شوێن هەستیار كە ناوەندی پەرەپێدانی مووشەك و چەكی ناوكیی بوون، هێرشیان كراوەتە سەر و تەقێنراونەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان