ئێوارەی ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكەی بەیرووتی پایەتەختی لبنان، ئاستی ناڕەزایەتی جەماوەری هەڵكشا، كاتێك هەزاران خۆپێشاندەر لە بەیرووت هەوڵی هەڵكوتانیان بۆ تەلاری پەرلەمان و حكوومەت دا، ئەوان توانیان بچنە ناو تەلاری وەزارەتی دەرەوەی لبنان و وێنەی سەرۆكی لبنان تێك بشكێنن.
وێنەی میشال عەون تێك دەشكێنن
ئێستە هێزە تەناهییەكان بە شێوازی جیا جیا رووبەڕووی خەڵكەكە بوونەتەوە و 32 بریندار رەوانەی نەخۆشخانە كراون و 110 برینداریش لە شوێنی خۆپێشاندانەكان چارەسەریان بۆ كراوە، وەك خاچی سووری لبنانی گواستییەوە.
ئەمڕۆ
خۆپێشاندەران هەوڵی چوونە ناو كۆمەڵگەی حكوومەتیان لە بەیرووت دا و توانیان بچنە ناو تەلاری وەزارەتی دەرەوە و چەندان دروشمیان لەسەر بەرز كردەوە و وێنەی میشال عەونی، سەرۆكی لبنانیان شكاند، ئەوان لە بەیاننامەیەدا رایان گەیاند كە شۆڕشەكەیان بڕیاری داوە تەلاری ئەو وەزارەتە بكاتە بارەگای خۆی.
شایەنی باسە چەند لایەنێك هەوڵ دەدەن لەلایەك بەریەككەوتن لە نێوان خەڵك و هێزە تەناهییەكان دروست بكەن، لە رێگەی دزەكردن بۆ ناو ریزی خۆپێشاندەران و بەردبارانكردنی هێزە تەناهییەكان، لەلایەكی تر چەكدارانی سەر بە بزووتنەوەی ئەمەلی شیعە، دەیانەوێ بە پاساوی توندوتیژی هێرش بكەنە سەر خۆپێشاندەرانەوە.