نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:09:50:10/08/2020 ‌
نرخی نەوت لە دەستپێكی هەفتەیەكی نوێی بازاڕی بۆرسە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و كەمتر لە نیو دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێكی هەڵكشاوە.

نرخی نەوت نزیکەی 45 دۆلارە
بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ دووشەم هەفتەیەكی نوێی بۆرسە كرایەوە و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنتیش بە 44 دۆلار و 80 سەنت دەفرۆشرێت.

كۆتایی هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بە 44 دۆلار و نیو داخرابوو و لە كۆی هەفتەكەش دۆلارێك لە نرخی نەوت بەرز بووبووەوە و بەرزترین نرخی لە ماوەی نزیكەی چوار مانگی رابردوو تۆمار كردبوو.

بەهای نەوتی ئەمەریكیش بە 41 دۆلار و 76 سەنت دەفرۆشرێت و سەرووی 20 سەنت لە نرخی بەرز بووەتەوە.

بەرزبوونەوەی داخوازی لەسەر نەوت و كەمبوونەوەی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا و بەردەوامیی سیاسەتی ئۆپێك بۆ سنوورداركردنی خستنەڕووی نەوت، بە گرنگترین هۆكاری هەڵكشانی نرخی نەوت هەژمار دەكرێن.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ وڵاتانی ئۆپێك پڵاس بڕیاریان دا نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە و رێككەوتنەكەشیان لە سەرەتای ئایارەوە جێبەجێ كردووە. بەپێی رێككەوتنەكە لە مانگی تەمووزەوە قۆناغ بە قۆناغ نەوتی زیاتر دەخرێتە بازاڕ.



وشە - سلێمان تاشان