چیرۆكی ئه‌و قوربانییه‌ی به‌یرووت كه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی چاوه‌كانی له‌ مردن ڕزگاری بوو

:: PM:12:02:10/08/2020 ‌
ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ چیرۆكی تری كاریگه‌ری ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی سێشه‌می ڕابردووی به‌یروت ده‌رده‌كه‌وێت و ته‌واوی میدیاكان داگیر ده‌كه‌ن، دوایین چیرۆكیش پیاوی ژێر ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تا وه‌ك ته‌رم بینرابوو، به‌ڵام به‌ كردنه‌وه‌ی چاوه‌كانی و داواكردنی یارمه‌تی خۆی له‌ مردن ڕزگار كرد.

ماڵپه‌ڕی عه‌ره‌بیه‌ وێنه‌ پیاوێكی گیرخواردوو له‌ژێر ئۆتۆمبێلێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ به‌هۆی هێزی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی سێشه‌می ڕابردووی به‌یرووتی پایته‌ختی لبنان، كه‌وتووه‌ و ئۆتۆمبێلێك به‌سه‌ریدا گیر بووه‌.

هیچ كه‌س نه‌یزانیوه‌ له‌ ژیاندا ماوه‌

وێنه‌گری وێنه‌ی پیاوی ژێر ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی ڕۆیته‌رزی گوتووه‌، كاتێك هاتوومه‌ته‌ شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه‌، ته‌رمه‌كانم وه‌ك پاشماوه‌ی جه‌نگ ده‌هاته‌ به‌رچاو و شوێنه‌كه‌ش هه‌ر له‌ مه‌یدانی جه‌نگ ده‌چوو، له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌كه‌ زه‌وینله‌رزه‌یه‌ك ڕووی داوه‌ و ته‌واوی ماڵ و شه‌قامه‌كانی وێران كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌م پیاوه‌ش به‌و هێزه‌ كه‌وتووه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌ش به‌سه‌ریدا گیر بووه‌.

كاریگه‌ریی وێنه‌ی ئه‌م پیاوه‌ له‌وه‌دایه‌، هیچ كه‌س نه‌یزانیوه‌ له‌ ژیاندا ماوه‌، هه‌ر كه‌سێك به‌لایدا تێپه‌ڕیوه‌ وایزانیوه‌ یه‌كێكی تر له‌ قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كه‌یه‌، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك تیمێكی فریاگوزاری هاتوون به‌لایدا و بینیویانه‌ ده‌ستی به‌ره‌و ئاسمان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ و چاوه‌كانی كردووه‌ته‌وه‌، له‌مه‌وه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ پیاوه‌كه‌ له‌ ژیاندا ماوه‌ و به‌په‌له‌ چوون به‌لایدا، ئه‌ویش به‌ ده‌سته‌كانی داوای یارمه‌تیی كردووه‌.

له‌و كاته‌ی تیمه‌كه‌ هه‌وڵی ڕزگاركردنی ئه‌و پیاوه‌یان داوه‌، وێنه‌گره‌كه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كی پیاوه‌كه‌ی گرتووه‌ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، چیرۆكی ئه‌م پیاوه‌ش وه‌ك یه‌كێك له‌ چیرۆكه‌ كاریگه‌ره‌كانی ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ میدیاكان باس ده‌كرێت.

تیمه‌كانی فریاگوزاری چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تاییان بۆ ئه‌و پیاوه‌ كردووه‌ و به‌ ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتن به‌په‌له‌ گه‌یاندوویانه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌، ئێسته‌ له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی به‌یرووت چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت.

شایانی باسه‌ حه‌مه‌د حه‌سه‌ن وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی لبنان له‌ دوایین كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی سێشه‌م گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 154 كه‌س، هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌و قوربانیانه‌ی برینه‌كانیان %20ی جه‌سته‌یانی گرتووه‌ته‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ پێنج هه‌زار كه‌س.

ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌م چواری ئاب، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز به‌یرووتی پایه‌ته‌ختی لبنانی هه‌ژاند، به‌رپرسانی لبنانی له‌باره‌ی هۆكاری ته‌قینه‌وه‌كه‌ لێدوانی جیاوازیان هه‌بوو، ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌قینه‌وه‌كه له ئه‌مبارێكی به‌نده‌ری به‌یرووت رووی داوه و زیانی گه‌وره‌ی گیانی و مادی هه‌بووه، به‌هۆی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ش زیانی 15 ملیار دۆلار به‌ ژێرخانی ئابووریی لبنان كه‌وت.


وشە - ڕێناس شابان