له‌ گوندەکانی به‌رده‌ڕه‌ش كچان له‌ خوێندن داده‌بڕێنن

:: PM:02:10:10/08/2020 ‌
له‌م سه‌رده‌مه‌ی كه‌ به‌سه‌ده‌ی پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی ناسراوه‌، له‌ كوردستان هه‌ندێك خێزان هه‌ن رێگری له‌ كچه‌كانیان ده‌كه‌ن بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندن و تا قۆناغێكی دیاریكراو ده‌یاننێرنه‌ به‌ر خوێندن.
خەونم ئەوە بوو ببم بە مامۆستا یان پەرستار

كچه‌كان كه‌ ده‌گه‌نه‌ ته‌مه‌نی نه‌وجه‌وانی، ئیتر به‌ پێی بڕیاری خێزانیان كه‌ زۆربه‌ی كات بڕیار به‌ ده‌ست باوكه‌كانن، كچه‌كان به‌ بێ خواستی خۆیان له‌ خوێندن داده‌بڕێن و ده‌بنه‌ هاوڕێی ماڵ و چیتر خه‌ون به‌ داهاتوویه‌كی گه‌شه‌وه‌ نابینن.

ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا زوبێر به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی پارێزگای دهۆك ده‌ڵی، تا ئێسته‌ دیارده‌ی دابڕانی كچان له‌ خوێندن به‌ بیانووی جیاواز له‌ شارۆكه‌كانی پارێزگای دهۆك هه‌یه‌ و به‌پێی ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ی له‌ ساڵانی پێشوودا له‌ سنووری پارێزگه‌كه‌دا كراون، ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێژه‌كان گۆڕاون، به‌ڵام دیارده‌كه‌ به‌ رێژه‌یه‌ك له‌ به‌رده‌ڕه‌ش و كه‌متر له‌ ئاكرێ ده‌بینرێت.

 ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ ئاشكرا له‌ هه‌ندێك گوندی به‌رده‌ڕه‌ش ده‌بینرێت، له‌وانه‌ گونده‌كانی دڕین بۆت، ترپه‌سپی و دووسه‌ره‌ و هه‌ندێ گوندی تر، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ دیارده‌كه‌ بكۆڵینه‌وه‌، ئه‌م به‌ دواداچوونه‌ له‌ ژیواری یه‌كێك له‌و گوندانه‌دا ده‌خه‌ینه‌ روو.
بەهۆی تێکەڵاوی قوتابخانەکە رازی نین کچەکانمان بنێرینە بەر خوێندن

 گوندی دووسه‌ره‌ به‌ دووری نزیكه‌ی 11كم ده‌كه‌وێته‌ باشووری به‌رده‌ڕه‌ش، حه‌سه‌ن عه‌بدولكه‌ریم حوسێن موختاری گوندی دووسه‌ره‌ زانیاری له‌ باره‌ی ژماره‌ی دانیشتووانی گونده‌كه‌ ده‌خاته‌ روو و بۆ "وشه‌" روونی ده‌كاته‌وه‌، گوندی دووسه‌ره‌ له‌ هه‌زار و 275 كه‌س پێك دێت و به‌سه‌ر 170 خێزاندا دابه‌ش بوون، له‌وانه‌ش 645 پیاو و 603 ژن." 

 قوتابخانه‌ی دووسه‌ره‌ی بنه‌ڕه‌تی تێكه‌ڵاو له‌ ساڵی خوێندنی 2019_2020 نزیكه‌ی 266 قوتابی هه‌بووه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ 93 كچ و 173 كوڕ، مامۆستا له‌تیف ئه‌مین جه‌میل كه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ مامۆستای ئه‌و قوتابخانه‌یه‌یه‌ و ئه‌مساڵ بووه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌، شایه‌تحاڵی دابڕانی قوتابییه‌ كچه‌كانه‌ له‌ خوێندن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ باوه‌ڕی ئه‌و گونده‌كه‌یان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ گونده‌كانی تر باشتره‌، بۆ نموونه‌ له‌ گوندی ترپه‌سپی قوتابخانه‌ ته‌نیا تا پۆلی شه‌شی بنه‌ره‌تی هه‌یه‌ و كاتێك قوتابییه‌كان ده‌گه‌نه‌ قۆناغی حه‌وت، واز له‌ خوێندن ده‌هێنن، به‌ تایبه‌تی قوتابییه‌ كچه‌كان، چونكه‌ خێزانه‌كان ئاماده‌ نین كچه‌كان بنێرنه‌ گوندێكی تر. 

ئه‌و مامۆستایه‌ سه‌رباری نه‌بوونی قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی، دووریی گونده‌كه‌ و بابه‌تی رێگه‌وبان، خراپی باری ئابووری خێزانه‌كان و په‌تای كۆرۆنا به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی نازانێ و پێی وایه‌، ئه‌و دیارده‌یه‌ بۆ داونه‌ریتی عه‌شایری و ترسی خێزانه‌كان له‌ تێكه‌ڵاوبوونی كچه‌كان له‌گه‌ڵ كوڕه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. "ئه‌وان له‌ ته‌مه‌نی هه‌ستیاری كچ و كوڕه‌كان ده‌ترسن كه‌ له‌وانه‌یه‌ تێكه‌ڵاوبوونیان كار له‌سه‌ر گۆڕینی هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌وشتیان بكات و له‌ ئه‌نجامدا به‌ لاڕێدا بڕۆن".

وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، كاتێك كچه‌كان سیمای ژنانه‌یان لێ ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌گه‌نه‌ قۆناغی پێگه‌یشتوویی، ئیتر له‌ قۆتابخانه‌ دایانده‌بڕن، زۆربه‌شیان پۆلی پێنجه‌م و شه‌شه‌می بنه‌ڕه‌تین.
 
"بۆ ئه‌مساڵی خوێندن له‌ پۆلی شه‌ش له‌ سه‌رجه‌می 14 قوتابی ته‌نیا چواریان كچ بوون. له‌ پۆلی حه‌وت له‌ 22 قوتابی یه‌ك قوتابی كچ نه‌بووه‌ و هه‌موویان كوڕ بوون. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ پوڵی هه‌شت و نۆ له‌ سه‌رجه‌می 26 قوتابی ته‌نیا شه‌شیان كچ بوون. ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ ئه‌نجامی تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ عه‌شایرییه‌كان بۆ خوێندنی كچان و رۆڵی ژن و كچه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌. "ئه‌وان له‌ وریابوونه‌وه‌ و چاوكردنه‌وه‌ی كچه‌كانیان ده‌ترسن". له‌تیف ئه‌مین وای گوت.

عه‌لی حوسێن برای یه‌كێك له‌و كچانه‌ی كه‌ به‌ بڕیاری خێزانه‌كه‌ی له‌ خوێندن دابڕاوه‌ به‌ "وشه‌"ی گوت، ئێمه‌ هه‌شت برا و دوو خوشكین، خوشكه‌كه‌م ته‌مه‌نی 12 ساڵه‌ و تا پۆلی شه‌شی بنه‌ڕه‌تی خوێندووه‌، ئیتر به‌ بڕیاری خێزانی نه‌مانهێشت درێژه‌ به‌ خوێندنی خۆی بدات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌یده‌ویست له‌ خوێندن داببڕێت و له‌ قوتابییه‌ ئاست مامناوه‌نده‌كان بوو، به‌ڵام گوێڕایه‌ڵی بڕیاری ئێمه‌ بوو و وازی له‌ خوێندن هێنا.

ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجه‌ ده‌ڵێ، ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ نییه‌ كچمان درێژه‌ به‌ خوێندن بدات، ته‌نیا ئه‌وه‌ به‌سه‌ كه‌ بتوانن بخوێنن و بنووسن و قورئان خه‌تم بكه‌ن. به‌ڵام به‌ پێویستی ده‌زانین كوڕه‌كان خوێندن ته‌واو بكه‌ن، ئه‌مه‌ش بیروباوه‌ڕی خۆمانه‌ و نامانه‌وێ ده‌ستبه‌رداری نه‌ریتی خۆمان بین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا غه‌در له‌ كچه‌كانی خۆمان ناكه‌ین و به‌ باشترین شێوه‌ به‌خێویان ده‌كه‌ین و له‌ هیچ شتێك بێدڵییان ناكه‌ین، ته‌نانه‌ت له‌ بابه‌تی پێكهێنانی خێزانیشدا به‌ خواستی ئه‌وان ده‌كه‌ین، به‌ڵام بابه‌تی خوێندن و تێكه‌ڵاوبوونی كچه‌كانمان له‌گه‌ڵ كوڕان رێپێدراو نییه‌ و حه‌ز ناكه‌ین ره‌وشتی كچه‌كانمان بگۆڕێت و مه‌ترسی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییان هه‌بێت.

"ره‌نگه‌ دابینكردنی قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به‌ كچان, به‌تایبه‌ت بۆ قۆناغه‌كانی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی بتوانێ ئه‌م بابه‌تی دابڕانی كچان له‌ خوێندن له‌م گوندانه‌ چاره‌سه‌ر بكات، ژماره‌یه‌ك خێزانی تر ئاماده‌ بكات كه‌ كچه‌كانیان درێژه‌ به‌ قۆناغه‌كانی خوێندن بده‌ن." ئه‌مه‌ به‌ پێی قسه‌ی یه‌كێك له‌ كه‌سوكاری كچه‌كان و مامۆستای یه‌كێك له‌و قوتابخانانه‌.

چیمه‌ن ناوی خوازراوی ئه‌و كچه‌یه‌ كه‌ كه‌ خێزانه‌كه‌ی له‌ خوێندن دایانبڕیوه‌، ئه‌و به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ بۆ "وشه‌" ده‌دوێ و ده‌ڵێ، له‌مه‌ودوا ئیتر ته‌واو، من ناتوانم خه‌ون به‌وه‌وه‌ ببینم كه‌ له‌ داهاتوودا ببمه‌ مامۆستا یان په‌رستار كه‌ ئه‌م دوو پیشه‌یه‌ له‌ خه‌ونه‌كانی من بوون و حه‌زم ده‌كرد خوێندنم ته‌واو بكه‌م، به‌ڵام به‌ قسه‌ی باوكم كرد و تا پۆلی پێنچه‌می بنه‌ڕه‌تیم خوێند، ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه‌ ئێسته‌ من له‌ قۆناغی ئاماده‌یی ده‌بووم.

ده‌روونناس سه‌ناریا مسته‌فا باسی لایه‌نی ده‌روونیی ئه‌و كچانه‌ ده‌كات كه‌ به‌بێ خواستی خۆیان واز له‌ خوێندن ده‌هێنن و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، له‌وانه‌یه‌ له‌م ته‌مه‌نه‌دا ئه‌و كچانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ هه‌ست به‌و بۆشاییه‌ نه‌كه‌ن كه‌ له‌ ناخیاندا دروست بووه‌، به‌ڵام كاتێك گه‌وره‌ ده‌بن و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوانتر ژیان ده‌بینن، ئیتر ده‌زانن له‌ یه‌كێك له‌ مافه‌كانیان بێبه‌ش كراون كه‌ له‌وانه‌ بوو گۆشه‌یه‌كی ژیانیان یان هه‌مووی بگۆڕێت.

مه‌هدی خه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی به‌رده‌ڕه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی گه‌شبینانه‌تر سه‌یری بابه‌ته‌كه‌ ده‌كات و وه‌ك بۆ "وشه‌" روونی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ راسته‌ كه‌ له‌ ساڵه‌كانی پێشوو له‌م شارۆكه‌یه‌دا زۆ به‌ كه‌می كچه‌كان له‌ قوتابخانه‌كان ده‌بینران، به‌تایبه‌تی له‌ قۆناغی دوا ناوه‌ندی و ئاماده‌یی، به‌ڵام به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌م ساڵانه‌ی كۆتاییدا دیارده‌ی هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی كچان له‌ قوتابخانه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ كه‌متر بووه‌.

دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، له‌ ساڵانی خوێندنی 1997- 1998 من شاره‌دێی داره‌توو به‌ڕێوه‌به‌ری دواناوه‌ندی بووم، یه‌ك قوتابی كچمان نه‌بوو، به‌ڵام ئێسته‌ رێژه‌كه‌ به‌ره‌و باشتر رۆیشتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ پێویستیمان به‌ هۆشیاری و رۆشنبیری زۆرتری كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ تا له‌و دیارده‌یه‌ رزگار بین.

 رێژه‌ی كچان له‌ په‌روه‌ردی به‌رده‌ڕه‌ش له‌ قۆناغی باخچه‌ 47% و كوڕه‌كان 53%، خوێندنی خێرا 0% به‌ به‌راوردی له‌گه‌ڵ رێژه‌ی كوڕه‌كان 100%، له‌ قۆناغی بنه‌ڕه‌تی كچان به‌ رێژه‌ی 44% ده‌خوێنن و كوڕان 56%، له‌ قۆناغی دواناوه‌ندیش 45% كچان و كوڕان 55% و له‌ ئاماده‌یی رێژه‌ی كچان 43% و كوڕان 57%.

دیارده‌ی دابڕانی كچان له‌ خوێندن له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ و وڵاتێك به‌ رێژه‌ و هۆكاری جیاواز. له‌وانه‌ خراپی باری ئابووری، زوو به‌شوودانی كچان، ده‌رچوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ قوتابییه‌كان و دانه‌مه‌زراندنیان، داونه‌ریت، كێشه‌ی خێزانی و زۆر هۆكاری تر. بێبه‌شكردنی كچ له‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین مافه‌كانی، كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌، پێگه‌یشتنی نه‌وه‌یه‌كی نوێ و چالاك دواده‌خات یان لاوازی ده‌كات. 

به‌رده‌ڕه‌ش/ دێژین سدقی 


وشە - هیدایه‌ت جان