سه‌ركرده‌یه‌كی سوننه له عێراق ئاشكرای ده‌كات، حكوومه‌تی عێراق پێش ئه‌وه‌ی له دانوستانه‌كانیان بگه‌نه رێككه‌وتن، پێویسته چۆن مانگانه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی ده‌دات، به‌ھه‌مانشێوه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێمی كوردستانیش ره‌وانه بكات.
پێویستە پێش رێککەوتنەکە به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه بكات
ئه‌مڕۆ دووسه‌م 10ی ئاب، د. عه‌لا مه‌كی سه‌ركرده‌ی سوننه له عێراق به "وشه"ی راگه‌یاند، عێراق ئێسته به‌ھۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له ناوچه‌كه ده‌كرێت، له ھه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به یه‌كگرتوویی هه‌یه به‌تایبه‌ت ھه‌رێم و به‌غدا زۆر گرنگه ھاوكاری یه‌كتر بن و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ئێسته كه‌شه‌كه زۆر له‌باره بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه رێككه‌وتن و ھه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی خۆی پێشان داوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێك بكه‌وێت، پێویسته حكوومه‌تی عێراقیش به ھه‌مانشێوه بێت، چونكه ھه‌رێمی كوردستان ھه‌میشه فاكته‌رێكی به‌ھێز بووه بۆ سه‌قامگیری عێراق و ھه‌ر كاتێك كێشه‌كانی ھه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر كراون، عێراق سه‌قامگیر بووه.
"چه‌ندان گۆڕانكاریی گه‌وره له ناوچه به‌ڕێوه‌ن و پێویسته عێراق یه‌كریِز بێت تا گۆڕانكارییه‌كان كاریگه‌ریی نه‌رێنییان نه‌بێت له‌سه‌ر عێراق، به‌ڵكو له قازانجی عێراق بێت، ھه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ئارامه و ھه‌میشه بووه‌ته ھۆی ئه‌وه‌ی عێراق سه‌قامگیر بێت". د. عه‌لا مه‌كی وای گوت.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی سوننه دووپاتی ده‌كاته‌وه، حكوومه‌تی عێراقی ئه‌ركی خۆیه‌تی چۆن مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق دابین ده‌كات، به ھه‌مانشێوه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێمی كوردستانیش دابین بكات، پێشتر باسیان له‌وه ده‌كرد له ته‌نگژه‌ی داراییداین، به‌ڵام ئێسته پاره‌یه‌كی زۆریان بۆ مووچه‌خۆرانی خۆیان قه‌رز كردووه و ھیچ بیانوویه‌كیان نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێم ره‌وانه بكه‌ن.
مه‌كی پێی وایه، ھه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكه له عێراق، به‌غدا چۆن مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی ده‌دات، به ھه‌مانشێوه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێمیش ره‌وانه بكات و ناكرێ تێكه‌ڵی كێشه‌ی سیاسی بكرێت، چونكه ھه‌رێمی كوردستانیش به‌شی خۆی له‌و قه‌رزه ھه‌یه كه به‌غدا له ناوخۆ و ده‌ره‌وه كردوویه‌تی .
وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، پێویسته پێش ئه‌وه‌ی دانوستانه‌كان ته‌واو بن وھه‌رێم و به‌غدا بگه‌نه رێككه‌وتن، به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه بكات، چونكه ناكرێ به‌غدا مانگانه مووچه‌ی خۆی بدات و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێمی كوردستان ببڕێت.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبڕاهیم