شێخ جەمال باشترین تەماتە كە بۆ دۆشاو گونجاوە بەرهەم دێنێت

:: PM:05:06:10/08/2020 ‌
جەمال جەلال حوسێن كە بە شێخ جەمال كڕبچنە ناسراوە وێڕای بەرهەمهێنانی دەیان جۆر بەرهەمی كشتوكاڵی و داهێنان لە جۆرەكانیان، زۆرترین توێژینەوەی لەسەر تەماتە كردووە و هاوكار بووە لەوەی باشترین جۆری تەماتە لە كوردستان بچێنرێت. وەزارەتی كشتوكاڵ نۆ جۆر تەماتەی ئەو جووتیارەی پەسند كردووە كە لە قەبارە و رەنگی جیاواز بەرهەم هاتوون و توێژینەوە لەسەر سێ جۆر تەماتەی تر دەكات كە بۆ دۆشاوی تەماتە گونجاون.

ئەو كە لەدایكبووی ساڵی 1952وە و بە توێژینەوەكانی توانیویەتی زۆر لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لەسەر خاك و كەشوهەوای كوردستان تاقی بكاتەوە و لە زۆربەشیاندا سەركەوتنی تۆمار كردووە. 
بە دەیان جۆر تەماتە و سەوزەی بەرهەم هێناوە

ئەوەی ئەم جووتیارە توێژینەوەی لەسەر دەكات تەنیا یەك جۆر تەماتە نییە، بەڵكو بە دەیان جۆر تەماتە و سەوزەی بەرهەم هێناوە و بەردەوام وەك تاقیگەیەكی كشتوكاڵی دەیەوێت باشترین جۆری تەماتە و سەوزە بدۆزێتەوە كە لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان بگونجێت.

هەندێك لەو جۆرە تۆوانەی لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و ئەمەریكا هێناوە. نزیكەی 60 جۆر تەماتەی چاندووە و نۆ لەو تەماتانە لە لایەن لیژنەی توێژینەوەی كشتوكاڵیی سلێمانی پەسند كراون.
نۆ جۆر تۆی تەماتەی لە لایەن لیژنەی توێژینەوەی كشتوكاڵی سلێمانی پەسند كراون

وەك خۆی بۆ "وشە" باسی كرد، نۆ جۆر تۆی تەماتەی لە لایەن لیژنەی توێژینەوەی كشتوكاڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی پەسند كراون كە بریتین لە تەماتەی بێستان سوور، تەماتەی سەنگاو، تەماتەی برەو، تەماتەی شانەدەر، تەماتەی چەرمۆ، تەماتەی كەسنەزان، تەماتەی بەكرەجۆ، تەماتەی سلێمانی، تەماتەی ئامەد.

لەو جۆرە تەماتانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ كراوە تەماتەی جۆری برەو هەمان تەماتەی رەشە و شێخ جەمالی كڕبچنە بە ناوی كوڕەكەی كردووە. هاوكات تەماتەی بێستان سووریش لەو جۆرە تەماتانەیە كە بۆ دۆشاوی تەماتە زۆر گونجاوە و لە هەر چوار كیلۆی بەرهەمەكە یەك كیلۆگرام دۆشاوی تەماتە بەرهەم دێت.

شێخ جەمال بۆ چوارەم ساڵ تەماتەی رەشی چاندووە
شێخ جەمال بۆ چوارەم ساڵ تەماتەی رەشی چاندووە كە بە گرانترین جۆری تەماتە لە هەموو دنیا هەژمار دەكرێت. تەماتەكە بۆ تەندروستی مرۆڤ زۆر سوودبەخشە وێڕای ئەوەی تامێكی خۆشی هەیە.

ساڵی رابردوو تەماتەكە لە كیسەی 125 گرامی بە كارفور فرۆشرا كە نرخی هەر كیسەیەك بە هەزار و 250 دینار فرۆشرابوو و كارفوریش بە چوار هەزار دینار ساغی كردەوە، بەو پێیە هەر كیلۆیەك تەماتەی رەش نرخەكەی دەگاتە نزیكەی 30 هەزار دینار.
دابینكردنی تۆوی تەماتە لە لایەن خۆمان سوودی ئابووریشی هەیە

ئەو دەڵێت "دابینكردنی تۆوی تەماتە لە لایەن خۆمان سوودی ئابووریشی هەیە چونكە كیسەی تۆی تەماتە و خەیار كە 500 دەنكیان تێدایە بە 50 دۆلار هاوردە دەكرێن، ئەگەر تۆوی پەسندكراوی خۆمان لە بازاڕ هەبێت دڵنیایی و متمانەپێكردنی زیاترە و بە نرخێكی هەرزانیش دەست دەكەوێت. هیچ تۆوێك نافرۆشرێت ئەگەر لە لایەن حكوومەتەوە پەسند نەكرابێت و هەموو ئەو تۆوانەش كە خراونەتە بازاڕەوە، چەندان جار تاقی كراونەتەوە و دەركەوتووە لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان زۆر سازگارن.

شێخ جەمالی كڕبچنە ئێستە كار لەسەر تۆوی سێ جۆر تەماتە دەكات و بە تەمایە بۆ ساڵی داهاتوو لە لایەن توێژینەوەی كشتوكاڵی پەسند بكرێت و بە باشترین جۆری تەماتە بە ئامانجكردنی بە دۆشاوی تەماتە دەستنیشان بكرێن. ئەو جۆرە تەماتەیەی چێنراوە و لە لایەن شێخ جەمال تاقی كراوەتەوە لە هەر چوار كیلۆ تەماتە یەك كیلۆ دۆشاوی تەماتەی لێ دروست دەكرێت.

پێویستە بگوترێت ئەو جۆرە لە تەماتانەی كە ئاویان زۆرە بۆ دۆشاوی تەماتە گونجاو نین و تەماتەیەك گونجاوە زیاتر گۆشتی هەبێت و كارگەكانی دروستكردنی تەماتە بتوانن بەرهەمەكەیان زیاد بكەن، لەو كاتەدا سوودی ئەو جووتیارەش كە تەماتەكەی بەرهەم هێناوە زیاتر دەبێت.

تەنیا پشت بە نەمامگە و كۆمپانیاكان نەبەستن
ئەو داوای لە وەزارەتی كشتوكاڵ كرد ساڵانە كە بەڕێوەبەرایەتییەكان راسپێرێن بۆ ئەوەی تۆوی تەماتە بۆ جووتیاران دابین بكرێ تەنیا پشت بە نەمامگە و كۆمپانیاكان نەبەستن، بەڵكو بەشێك لەو تۆوە تەماتانەش لە ئەو بكڕێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی زیاتری جووتیاران بكات و تەماتەی بە كوالێتی بەرز و پەسندكراو لە هەرێمی كوردستان بجێنرێت.

جووتیارەكە چەندی بڵێی دەستڕەنگینە و ساڵ بەساڵ لە بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی داهێنانی نوێ دەكات، پێشتر نۆ جۆر كاهوو یان خاس و برۆكلی بەرهەم هێناوە. جۆرێك لۆبیای بەرهەم ‌هێنا كە نیو مەتر درێژ بوو. 

خانووە پلاستیكییەكانی شێخ جەمال بوونەتە ناوەندێكی گرینگ بۆ توێژینەوەی كشتوكاڵی و لە كاری كشتوكاڵیشدا تەنیا پشت بە خانووی پلاستیكی نابەستێت و لە زەوییەكانی خەریكی بەرهەمهێنانە و ساڵانە فاسۆڵیا،  باینجان، خەیار، بامیای سوور و گولدن بێری و برۆكڵی و  كۆمەڵێك بەرهەمی تر دەچێنێت.

پێشتر بە موتوربەكردنی دوو جۆر گەنم توانیبووی جۆرێك لە گەنمی باشتر بەرهەم بێنێت
لە ساڵی 2009 بۆ یەكەم جار ئەو جووتیارە گوڵدن بێری چاند و لەو كاتەوە تاكە جووتیاریشە ئەو جۆرە رووەكە بچێنێت. ئەو توانیویەتی سەوزەی برۆكلی لە خاكی هەرێمی كوردستان بە هەر دوو شێوازی خانووی پلاستیكی و كراوە بەرهەم بێنێت.  شێخ جەمال چەندان داهێنانی تری كشتوكاڵیی هەیە. پێشتر بە موتوربەكردنی دوو جۆر گەنم توانیبووی جۆرێك لە گەنمی باشتر بەرهەم بێنێت. هەروەها لە ساڵی 2009 داهێنانێكی نوێی كشتوكاڵی ئەنجام دا و بە موتوربەكردنی تەماتە لەسەر پەتاتە توانی لە یەك كاتدا هەر دوو بەرهەم هەڵبگرێتەوە. هەروەها سێ ساڵ دواتر جۆرە سەوزەیەكی ئەڵمانی لە كوردستان بەرهەم دێنێت كە بە گرۆن كۆل ناسراوە.

ئەمساڵ تەماتە زۆر بوو و ماندووبوونی جووتیاران بەفیڕۆ چوو و بەگەڕخرانی كارگەكانی دۆشاوی تەماتە لە لایەك و چاندنی باشترین جۆری تەماتە، دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ ساڵانی داهاتوو ئەم كێشانە دووبارە نەبنەوە و هەرێمی كوردستان نەك لە تەماتە، بەڵكو لە دۆشاوی تەماتەش خۆبژێو بێت.


وشە - سلێمان تاشان