ئۆكراین: ئێران بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی فڕۆكەی 752

:: AM:10:52:11/08/2020 ‌
رۆژێك دوای لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەبارەی قەرەبووكردنەوەی فڕۆكە ئۆكراینییەكەی لە ئاسمانی تاران كەوتە خوارەوە، ئۆكراین هەڵویستی وەرگرت.

ئێران گوتبووی قەرەبووكردنەوەی فڕۆكەكە لە ئەستۆی كۆمپانیاكانی بیمەی ئەوروپایە، بەڵام ئۆكراین وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت ئێران بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی فڕۆكەكە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، یۆگنی یەنین یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئۆكراین پێی وایە ئێران بە دوو مووشەك فڕۆكەكەی خستووەتە خوارەوە، بۆیە دەبێ بەرپرسیارێتی قەرەبووكردنەوەی فڕۆكەكە لە ئەستۆ بگرێت.

دوێنێ دووشەم غوڵامڕەزا سلێمانی بەڕێوەبەری گشتیی بیمەی ئێران رای گەیاند، قەرەبووكردنەوەی زیانی ئەو فڕۆكە ئۆكراینییەی لە ئاسمانی تاران لە لایەن سوپای پاسدارانەوە خرایە خوارەوە، لە ئەستۆی كۆمپانیاكانی بیمەی ئەوروپایە.
بە مووشەك خرایە خوارەوە و 176 سەرنشینی فڕۆكەكەش گیانیان لە دەست دا.

فڕۆكەكە لە جۆری بۆینگ 727 بوو كە سەرەتای ئەمساڵ بە مووشەك خرایە خوارەوە و 176 سەرنشینی فڕۆكەكەش گیانیان لە دەست دا. لەوانە 57یان كەنەدی، 11یان ئۆكراینی، 17یان سویدی، چوار ئەفغانی و چوار بەریتانی بوون.

ئێران ئەوكات سێ رۆژ هێرشەكەی شاردەوە و دواتر بە ناچار ددانی بە راستییەكە نا. هێرشەكە دوای ئەوە رووی دا كە ئێران هێرشی مووشەكیی كردە سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراق و لە ترسا پەشۆكابوو و چۆلەكەش بە ئاسمانەوە بفڕیایە وایدەزانی فڕۆكەی ئەمەریكایە و هێرشی دەكردە سەر تا دواجار فڕۆكەیەكی خستە خوارەوە كە هەر لە فڕۆكەخانەی تاران فڕیبوو.


وشە - سلێمان تاشان