چارەنووسی دواین رژێمی دیكتاتۆریی ئەوروپا نادیارە

:: PM:01:23:11/08/2020 ‌
بێلارووس كە بە دواین رژێمی دیكتاتۆری ئەوروپا هەژمار دەكرێت، لەو كاتەوە لە یەكێتی سۆڤییەت جیا بووەتەوە، كەسێك لە لووتكەی دەسەڵاتیدا ماوەتەوە و لە دواین هەڵبژاردنیشدا كە یەكشەمی رابردوو ئەنجام درا، هەمان كەس خۆی بە براوە راگەیاندووە. دەسەڵات بە ئەنجامدانی ساختەكاری تۆمەتبار دەكرێ و گرژیی و ئاڵۆزی بەربینگی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
ناڕەزایەتییەكان لەم وڵاتە پەرەیان سەندووە

لە دوای ئەو هەڵبژاردنەی لە بێلارووس بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ وڵات ئەنجام درا، ناڕەزایەتییەكان لەم وڵاتە پەرەیان سەندووە و بەگوێرەی دواین زانیارییەكانیش، سەركردەی ئۆپۆزسیۆنیش وڵاتی بەرەو لیتڤانیا جێهێشت.

خەڵكی بێلارووس هیچ متمانەیەكیان بە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكەی سەرەتای ئەم هەفتەیە نییە و پێیان وایە ئەلێكساندر لۆكاشینگۆ ساختەكاری كردووە و دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی لە قازانجی خۆیدا گۆڕیوە.

سەركردەی ئۆپۆزسیۆن وڵات جێ دەهێڵێت
شەوی رابردوو بۆ دووەم شەوی لە دوای یەك هەزاران كەس رژانە سەر شەقامەكانی مینسكی پایتەخت و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. دەگوترێ بەهۆی ئەو خۆپێشاندانانە كەسێك كوژراوە و بە دەیان كەسی تریش بریندار بوون.

لە هەڵبژاردنی بێلارووس كەسێكی تریش خۆی بە سەركەوتووی هەڵبژاردن ناساندووە، ئەویش سوتلانا تیخانۆڤێسكایە و بەگوێرەی یۆرۆنیوز ئەو سەركردەیەی ئۆپۆزسیۆن وڵاتی جێهێشتووە و چووەتە لیتڤانیا. وەزیری دەرەوەی لیتڤانیا ئەم هەواڵەی پشتڕاست كردووەتەوە و گوتوویەتی لە وڵاتەكەی پارێزراوە و مافی نیشتەجێبوونی پێ داوە.

ئەو سەركردەیەی ئۆپۆزسیۆن بەر لە هەڵبژاردن داوای لە لۆكاشینكۆ كردبوو واز لە دەسەڵات بهێنێت و بەشداری هەڵبژاردن نەكات. لیتڤانیا ئەندامی یەكێتی ئەوروپایە و لە رابردووشدا مافی پەنابەری بە كەسایەتییەكانی ئۆپۆزسیۆن چ لە بێلارووس و چ لە رووسیا داوە.

رووسیای سپی
بێلارووس بە رووسیای سپیش ناوی دەهێنرێت و وڵاتێكە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەڵكەوتووە، لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی رووسیا، ئۆكراین، پۆڵۆنیا، لیتڤانیا و لێتڤۆنی هاوسنوورە.

بە درێژایی مێژوو ئەو وڵاتە بەشێك بووە لە ئیمپراتۆریی یان دەسەڵاتێكی تر. یەكەم جار لە 25ی ئاداری ساڵی 1918 و بەر لە كۆتاهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانی، لەو وڵاتە كۆماری گەلی بێلارووسی راگەیەنرا. بەڵام تەمەنی ئەم كۆمارە كورت بوو و دوای دەرچوونی ئەڵمانیا لە وڵاتەكە، كۆمارەكەش رووخا. لە ساڵی 1919 كۆمارەكە ناوی بۆ كۆماری سۆسیالیستی یەكێتی سۆڤییەت گۆڕا و لە ساڵی 1922 بووە بە كۆمارێكی سەر بە یەكێتی سۆڤییەت.

لە ساڵی 1941 بێلارووس جارێكی تر لە لایەن نازییەكانی ئەڵمانیاوە داگیر كرا
لە ساڵی 1941 بێلارووس جارێكی تر لە لایەن نازییەكانی ئەڵمانیاوە داگیر كرا و تا ساڵی 1944 لە ژێر دەسەڵاتی ئەڵمانییەكاندا مایەوە هەرچەندە ژێرخانی ئاوەدانكردنەوە و ئابووری ئەو وڵاتە رووخێنرا. بەشێكی زۆر لە جووەكانی بێلارووس بەهۆی هۆلۆكۆست كوژران. لەو جەنگەش ئەڵمانیا شكستی خوارد و دووبارە بێلارووس رزگار كرایەوە.

دوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانی، یەكێتی سۆڤییەت بایەخێكی زۆری بە بێلارووس دا و ویستی بە ئاوەدانكردنەوە پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەهێز بكات.

سەربەخۆیی بێلارووس
 بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1990 لە ئاكامی داڕمانی یەكێتی سۆڤییەت، بێلارووس سەربەخۆیی راگەیاند و لە یەكێتی سۆڤییەت جیا بووەوە. لە ساڵی 1994ەوە تا ئێستە ئەلكساندەر لۆكاشینكۆ لە لووتكەی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بووە.

لە 2005ەوە رووسیا و بێلارووس لەگەڵ یەكتر كەوتوونەتە دانوستان و دەیانەوێ لە چوارچێوەی یەكێتییەكی دڵخوازانە یەك بگرن و رەشنووسی یاسایەكیش بۆ ئەو مەبەستە ئامادە كراوە.

پێگەی ئابووری
بێلارووس لە شەش ویلایەت پێك دێت و رووبەرەكەی 207 هەزار و 595 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە. وڵاتەكە لە ئاست دەریا بەرز نییە و بەرزترین شوێنی 345 مەترە. 34% لە رووبەری وڵاتەكە دارستانە و بە نەوت و گازی سروشتی، گرانیت، قسڵ دەوڵەمەندە.

 ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەكە 10 ملیۆن كەس دەبێت و80% ی ئابووری وڵات لە ژێر دەستی حكوومەتدایە. تا ساڵی 2005 بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی نیشتمانیی بێلارووس نزیكەی 14 ملیار دۆلار بووە و داهاتی سەرانەی تاكیش خۆی لە حەوت هەزار و 700 دۆلار داوە. بەپێی ئامارەكانی بێلارووس رێژەی بێكاری لەو وڵاتە 2%ـە، بەڵام سەرچاوە نێودەوڵەتییەكان دەڵێن لەمە زیاترە و ئەو ئامارەی حكوومەت رای دەگەیەنێت راست نییە.

وڵاتەكە لە لایەن یەكێتی ئەوروپاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە
وڵاتەكە لە لایەن یەكێتی ئەوروپاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە و سەرۆكی وڵاتەكە و دەیان بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە ناوەكانیان خراوەتە ناو لیستی رەشەوە و دەست بەسەر هەژماری بانكییاندا گیراوە. 

بەگشتی چارەنووسی بێلارووس تا ئاستێك لێڵ بووە و هەرچەندە پێشبینی دەكرێ لۆكاشینگۆ بۆ ماوەیەكی تریش لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوەش لەبەر ئەو پشتیوانییەی رووسیا لێ دەكات. 


وشە - سلێمان تاشان