ڤاكسینە رووسییەكە دژ بە كۆرۆنا مشتومڕ دروست دەكات

:: PM:04:43:11/08/2020 ‌

ڤلادیمێر پووتن، سەرۆكی رووسیا موژدەی بەرهەمهێنانی یەكەم ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا راگەیاند، كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەردەست بێت، رۆژنامەیەكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ڤاكسینەكە بێ تێپەڕبوونی بە قۆناغەكانی كۆتایی، سەركەوتنی راگەیندراوە، لەوكاتەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی وریایی لە مۆڵەت پێدانی دەدات.  
ڤاكسینەكە قۆناغی كۆتایی تاقیكردنەوەكانی نەبڕیوە
دوای چەند سەعاتێك لە راگەیاندنەكەی پووتین، تارق یاساریفیچ، گوتەبێژ بەناوی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ڤیدیۆییدا، ئاماژەی بۆ وریابوون بەرانبەر راگەیاندنەكەی رووسیا كرد، بەوەی قۆناغی پێش مۆڵەتدان بە هەر ڤاكسینێك و مۆڵەت پێ دانی، میكانیزمی توندوتۆڵیان هەیە.

زیاتر گوتی، ئێمە لە پێوەندی چڕداین لەگەڵ حكوومەتی رووسیا و گفتوگۆمان بەردەوامە، چونكە قۆناغی بەر لە مۆڵەتپێدانی هەر ڤاكسینێك بە چەند میكانیزمێكی توند تێپەڕ دەبێت. 

لای خۆیەوە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە مۆسكۆ بێ ئەوەی بە قۆناغەكانی تاقیكردنەوەی پێویست و كۆتاییدا تێپەڕ بێت بۆ دڵنیابوونەوە لە كاریگەری و سەلامەتی، سەركەوتنی ڤاكسینەكەی راگەیاندووە و بەكاری هێناوە، لای خۆیەوە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، گوتی، كرملین گیانی هاووڵاتییانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، چونكە دۆخی پەرەپێدانی ڤاكسینەكە، لە مۆسكۆ و وڵاتانی رۆژئاوا مەترسی لەبارەی سەلامەتی ئەو ڤاكسینە دروست كردووە. 

ئەو ڤاكسینەی پووتین رای گەیاند، ناوی "Sputnik V"یە بەناوی كەشتی ئاسمانی رووسیا كە لە 1957 رەوانەی بۆشایی ئاسمانی كرد، بێ ئەوەی ئاماژە بۆ پێوەرەكانی سەلامەتی و تاقیكردنەوە پێویستەكانی ڤاكسینەكە بكات، ئەوەیش مەترسی لەبارەی سەلامەتی و كاریگەری دروست كردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل