گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و لایەنگرانی بەردەوامە و سەرچاوەیەكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا بڕیاری داوە سزا بەسەر چەند بەرپرس و كارسازی لبنانی بسەپێنێ، بۆ رێگرتن لە فرەوانخوازی و گەندەڵییەكانی حزبوڵا و كاركردن بۆ لاوازكردنی باڵادەستی ئەو حزبە بەسەر حكوومەت.
ئەمەریكا سوود لە دۆخی لبنان وەردەگرێت بۆ گۆڕانكاری
رۆژنامەی
"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، لە چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی گواستەوە، واشنتن خۆی ساز داوە بۆ سەپاندنی سزای نوێ بۆ سەر چەندان بەرپرسی دیاری لبنانی، بۆ رێگرتن لە گەندەڵی و لاوازكردنی باڵادەستیی حزبوڵا، لەو كاتەی دوای هاتنی بۆ دەسەڵات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا هەڵمەتێكی توندی بۆ سەر ئێران دەست پێ كرد، ئێستەیش خەریكە هەڵمەتەكە دەخاتە سەر حزبوڵا.
بەرپرسانی ئەمەریكا روونیان كردەوە، پێویستە ئەو سزایانە بە پەلە بێتە سەپاندن، بۆ ئەوەی دۆخی لبنان بگۆڕێت، بەتایبەتی كە ئێستە ئەو وڵاتە پێویستی بە ملیۆنان دۆلارە بۆ ئاوەدانكردنەوەی بەیرووت، ئاماژە دەكەن، ئەوان دەیانەوێ لە رێگەی سزادانی كەسانێكی دیاریكراو، حكوومەتێكی نوێ دروست ببێ بۆ دوو مەبەست، ناچاركردنی سیاسەتوانانی لبنان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و مسۆگەركردنی لابردنی باڵادەستیی حزبوڵا بەسەر بڕیارەكانی حكوومەتی ئەو وڵاتە.
بەرپرسێكی ئەمەریكی تایبەت بە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی، بەهیواین بتوانین سوود لە دۆخەكە ببینین بۆ جووڵاندنی پێوەندییەكانی دەستەبژێری سیاسی و پێ دەچێ ناڕەزایی جەماوەری و گوشاری دەرەكی بتوانن گۆڕانكاری گەورەی سیاسی و ئابووری لە لبنان دروست بكەن.