سێ ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بەڕێگەوەن

:: PM:10:41:12/08/2020 ‌

لەوكاتەی ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێشتا روو لە هەڵكشانە و تا ئێستە چارەسەری بنبڕی پەتاكە نەدۆزراوەتەوە، راگەیاندنی دوێنێی رووسیا بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینێك بەمنزیكانە، جووڵەی خستە ناو كێبەركێی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكانەوە، لە ئەمەریكا و ئەڵمانیا باسی نزیكبوونەوەی بەرهەمهێنانی ڤاكسین دەكرێت.
نرخی ڤاكسینە رووسییەكە دیار نییە
ئەحمەد ردینی، پزیشكی شارەزا لە بواری تەندروستی خێزان دەڵێت، ئەو ڤاكسینەی دوێنێ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆكی رووسیا رای گەیاند و لە لایەن سەنتەری توێژینەوەی سەر بە وەزارەتی تەندروستی رووسیا بەرهەم هاتووە، تا ئێستە لە قۆناغی دووەمی تاقیكردنەوەكانە، بۆیە دامەزراوە جیهانییەكان پێیان وایە هێشتا زووە ڤاكسینە رووسییەكە بگاتە بازاڕەكان، كەچی رووسیا هەوڵی خستنە بەكارهێنانی دەدات پێش وەرزی زستان و بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە.

زیاتر گوتی، ڤاكسینەكەی رووسیا لەوەی زانكۆی ئۆكسفۆرد نزیكە و هەردووكیان لەسەر شریتی ترشی ناوەكی ڤایرۆسەكە كار دەكەن و بەرگرییەكی باش بە لەش دەدەن، بۆیە ئەگەر ڤاكسینەكەی رووسیا لە پێویستی ئەو وڵاتە زیاتر بوو، رەنگە بیفرۆشێتە وڵاتانی تر كە 20 دەوڵەت، لەوانە عێراق داوایان كردووە.

ئەو پزیشكە لەبارەی نرخی ڤاكسینەكە گوتی، ڤاكسینەكەی ئەمەریكا بەرهەمی دێنێت، وەك ئاماژەیەك بۆ نزیكبوونەوەی ڤاكسینێكی تر، نرخەكەی 32-37 دۆلارە، هەرچی رووسییەكەیە نرخی دیار نییە، بۆیە لە مانگی ئەیلوولەوە تا كۆتایی ساڵ كێبەركێكە بەهێز دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینی تر.

لای خۆیەوە پەیمانگەی رۆبەرت كوخی ئەڵمانی رای گەیاند كە رەنگە بەمنزیكانە و تا پایزی 2020 ڤاكسینێكی دژ بە كۆرۆنا بەردەست بێت، بەڵام رەنگە نەتوانرێ تا چەند مانگێك كۆنترۆڵی پەتاكە بكرێت، هاوكات پەیمانگەكە وریایی لە دروستبوونی بازدان لە ڤایرۆسەكە و بەرگریكردنی بۆ ڤاكسینی چاوەڕوانكراو دا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل