چەند پەرلەمانتارێكی خۆفرۆشی كورد بە بەغدا دەڵێن پارە مەنێرن با كورد لە برسان بمرن

:: AM:08:57:13/08/2020 ‌
چەند پەرلەمانتارێكی كورد كە بە گرووپە خۆفرۆشەكە ناسراون، ماوەی سێ‌ ڕۆژە بەبێ‌ وەستان هانی بەغدا دەدەن بۆ ئەوەی ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكات و بەبەرپرسانی بەغدایان گوتووە پارە مەنێرن با كورد لە برسان بمرن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی ئاب، عەبدوڵا سەید ئەحمەد ڕاوێژكاری پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كابینەی یەكەمی حكوومەت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە ڕای دەگەیەنم كە هاتوچۆی چەند پەرلەمانتارێكی كورد بۆ بۆ بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان بۆلای بەرپرسانی عێراق بەردەوامە، تا ڕێگری بكرێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو هاتوچۆیە هێندە زۆرە وەك ماڵی خۆیانی لێ هاتووە.

ئەو پەرلەمانتارانە هەموو شتێك دەكەن بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا ڕێك نەكەون
ئەو ڕاوێژكارە گوتی، ئەو پەرلەمانتارانە هەموو شتێك دەكەن بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا ڕێك نەكەون، تەنانەت گوتوویانە پارە بۆ هەرێمی كوردستان مەنێرن با كورد لە برسان بمرن.

باسی لەوەش كرد، ئەو پەرلەمانتارانە ماوەی سێ‌ ڕۆژە كۆمەڵێك واژووی درۆینەیان بەناوی فەرمانبەرانی كوردستان داوەتە بەغدا بۆ گواستنەوەی مووچە، لە كاتێكدا هەموو سێ‌ هەزار فەرمانبەر داوایان كردووە، كەچی نووسراویان كردووە بەناوی 350 هەزار فەرمانبەر.

روونی كردەوە، ئەو پەرلەمانتارانە هەر كاتێك پارە لەسەر هەرێمی كوردستان دەبڕێت، ئەوە بەسەركەوتنێكی گەورەی دەزانن بۆ پڕۆژەی بە جاشبوونیان و ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕن.



وشە - رامیار جەواد