بەغدا.. گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی لەبەردەم باڵوێزخانەی توركیا ساز كرا

:: PM:07:01:13/08/2020 ‌

دوای ئەوەی سێشەمی رابردوو فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراقی لە دەڤەری برادۆست كردە ئامانج و بەو هۆیەوە دوو ئەفسەری باڵای عێراق كوژران، ئەمڕۆ دەیان هاووڵاتی لە بەغدای پایەتەخت گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان لەبەردەم باڵوێزخانەی توركیا ساز كرد.
پێویستە پێشێلكاری و بۆردمانەكانی توركیا بوەستن
سەرچاوەیەكی تەناهی لەوبارەوە گوتی، ئەمڕۆ دەیان خۆپێشاندەر لەبەردەم باڵوێزخانەی توركیا لە بەغدا گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان بەرانبەر بە پێشێلكارییەكانی توركیا، بەتایبەتی كوژرانی دوو ئەفسەری باڵای عێراق ساز كرد، ئەوان چەندان دروشمیان بەرز كردبووەوە، لەوانە بایكۆتی كاڵاكانی توركیا دەكەین و سەركۆنەی پێشێلكارییەكانی دەكەین و داوای وەستانی بۆردمانەكانی دەكەین. 

دوای رووداوەكەی سێشەم، هەرسێ سەرۆكایەتی عێراق بە توندی سەركۆنەی رووداوەكەیان كرد، دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتنی باڵوێزی توركیای لە عێراق كرد و یاداشتێكی توندی ناڕەزایەتی پێشكەیش كرد و داوای روونكردنەوەی لەبارەی رووداوەكە لە ئەنكەرە كرد.

ئەمڕۆیش فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی و وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەك وڵاتی ئەندامی كۆمكارەكە كرد و داوای یەكهەڵوێستی و پاڵپشتی لێ كردن بۆ وەستاندنی پێشێلكارییەكانی توركیا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل