دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی كرد كە بەر لەوەی یەكگرتوو وەك هەر حزبێكی سیاسی كوردستانی پاڵپشت بێت بۆ یەكخستنی هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەی هەرێم و چارەسەری بابەتیانەی دۆخەكە، هەوڵی چەواشەكاری دەدەن و تۆمەتی بێ بنەما دەدەنە پاڵ حكوومەت.
چاكسازی دەستی پێ كراوە و لەوە گەورەترە بكرێتە موزایەدەی سیاسی
وەك لە راگەیندراوێكی بەشی رۆژنامەوانی ئەو دەزگایە كە ئاراستەی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كراوە، تیایدا هاتووە، دوێنێ چوارشەم ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، راگەیەندراوێكی سەبارەت بە دۆخی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە، بە شێوەیەكی نالۆجیكیانە كۆمەڵێك تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستەی حكوومەتی هەرێم كرد.
زیاتر هاتووە، ئەوەش وەك ئەوەی یەكگرتوو بەشداری داودەزگاكانی حكوومەت نەبووبێت، لەوەیش زیاتر ئەنجوومەنی یەكگرتووی ئیسلامی باس لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكا، ئەمە لەكاتێكدا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە هەموو رێگەیەكی بۆ رێگرتن لە تەشەنەكردنی ئەم پەتایە گرتووەتە بەر، بەڵام سەركردایەتی یەكگرتوو گاڵتەیان بە هەوڵەكانی حكوومەت دەهات و لە سۆشیال میدیا رایان گەیاند، ڤایرۆسەكە بوونی نییە و حكوومەت بۆ مەبەستی تایبەتی ئەم رێوشوێنە توندانەی گرتووەتە بەر.
لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكە هاتووە، سەبارەت بە بژێوی هاووڵاتییان و مووچەی فەرمانبەران، یەكگرتوو لەبری ئەوەی وەك حزبێكی كوردستانی هاوكار و پشتگیر بێ بۆ یەكخستنی هەوڵەكان و تێپەڕاندنی تەنگژەكە و ئامادەسازی بۆ چارەسەرێكی بابەتیانەی ئەم كێشانە دەرببڕن، هەوڵی چەواشەكاریان خستووەتە گەڕ و تۆمەتی بێ بنەما دەدەنە پاڵ هەوڵەكانی حكوومەت.
"دەیانەوێ تەنگژەی دارایی هاوشێوەی پەتای كۆرۆنا، وەك كارتێكی سیاسی بۆ مەرامی حزبی بەكار بێنن، وەك لە راگەیەندراوەكە باس لە پرۆسەی چاكسازی دەكەن و دەیانەوێ خۆیان وا پێشان بدەن كە پەرۆشی چاكسازین، دیارە پرۆسەی چاكسازی لە چوارچێوەی یاسادا دەستی پێ كراوە و لەوە گەورەترە بكرێتە موزایەدەیەكی سیاسی بێ بنەماو و خۆیان وەك داهێنەری چاكسازی وێنا بكەن و وای پێشان بدەن كە هەنگاوی رژد بۆ چاكسازی هەڵنەگیراوە"، راگەیەندراوەكە ئاماژەی كرد.
راگەیاندنەكە باسی ئەوەیش دەكات كە پێویستە لەگەڵ هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم، لایەنە كوردستانییە دڵسۆزەكان لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكاندا بن، لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی بەغدا خۆی لە گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ هەرێم دەدزێتەوە، بەشێك لە ناوخۆیش هاوكاری رەوایەتیدانن بەو خۆدزینەوەیەی بەغدا و ئامانجیانە باردۆخی هەرێم ئاڵۆز بێت، ئەمەیش یاریكردنە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و تا سەر هاووڵاتییانیان پێ چەواشە ناكرێت.
لە كۆتادا راگەیەندراوەكە دەڵێت، دووپاتی دەكەینەوە كە خزمەتكردن و باشكردنی گوزەرانی هاووڵاتییان و رەخساندنی زەوینەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دەروونی گونجاوی شایستەی گەلی خۆڕاگری كوردستان، بە موزایەدەكردن و تۆمەتبەخشینەوە نایەتە دی، وەك چۆن لە رابردوویش موزایەدەچییەكان هیچیان بۆ خەڵك و خۆشیان بەدەست نەهێنا.