ماوەت.. پەكەكە كار بۆ چۆڵكردنی چەند گوندێكی شینكایەتی دەكات

:: PM:09:19:13/08/2020 ‌

چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچەی شینكایەتی سەر بە شارۆكەی ماوەت، ڕێگری لە هاووڵاتییانی گوندەكان دەكەن كە مۆبایلی زیرەك و كامێرا بەكار بێنن، ڕێگەیش نادەن خەڵك چەك بۆ پارێزگاری لە خۆیان بەكار بێنن.
دەیەوێ خۆی فەرمانڕەوای ناوچەكە بێت
مەحموود حوسێن، دانیشتووی گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شینكایەتی لە شارۆكەی ماوەت، ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی ئاب، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پژاك و پەكەكە لە سنووری گوندەكانی قامیش و گەڵاڵە و ناوچەی شینكایەتی، دەسەڵاتدار خۆیانن و ئازادی خەڵكیان پێشێل كردووە.

زیاتر گوتی، هیچ كەسێك بۆی نییە مۆبایلی زیرەك و كامێرا بەكار بێنێ، هەروەك هەڵگرتنی چەكیش بۆ پارێزگاریكردن لە خۆت قەدەغەیە، بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە لە مەترسی بۆردمان و بوونی چەكدارانی پەكەكەو پژاك، بەشێك لە گوندەكانی شینكایەتی چۆڵیان كردووە، لەوانە زەروون، بەرگورد، سەفرە دوو ماڵی لێماوە، ئەمەیش مەبەستی پەكەكە و پژاكە تا هەر خۆیان فەرمانڕەوا بن.

لای خۆیەوە كامەران حەسەن، قایمقامی شارۆكەی ماوەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ گوندێك لەو دەڤەرە چۆڵی نەكردووە، دوێنێ چوارشەم لەگەڵ دانیشتوانی ئەو گوندانە كۆبووەتەوە، هیچ سكاڵایەكی لەو جۆرەیان نەكردووە.

زیاتر گوتی، خەڵكی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەكی گشتی ترسیان هەیە لەوەی بكەونە بەر بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكان، ئەمەیش دوای بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكان لە هەردوو گوندی گەڵاڵە و قامیش، لە سنووری شارۆكەكەمان. 

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل