وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە

:: PM:09:49:13/08/2020 ‌

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم وەڵامێكی وردی راگەیندراوی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە، كە دوێنی دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، بڵاوی كردەوە و تیایدا چەندان بابەتی باس كردووە و حكوومەتی هەرێمی بە جێبەجێ نەكردنی مەرجەكانی رێككەوتن بۆ رەوانەكردنی شایستە داراییەكانی فەرمانبەران، تۆمەتبار دەكات.
بەیاننامەكە هەوڵێكە بۆ دەستخەڕۆكردنی رای گشتی و شاردنەوەی راستییەكان
دوێنێ لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژە كرا بەوەی هەرێم هیچ بیانوویەكیان بۆ بەغدا نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەران و مەرجەكانی بەغدایان لە چوارچێوەی دەستوور قبووڵ كردووە، كەچی بەغدا زیاتر لە سێ مانگە هیچ بڕە پارەیەكی رەوانە نەكردووە، ئەوەیش وای كردووە حكوومەتی هەرێم نەتوانێ مووچەی بدات.

حكوومەتی هەرێم لە سەرەتای دامەزراندنییەوە سیاسەتی چارەسەركردنی ریشەیی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی پێڕەو كردووە، لەسەر بنەمای دەستوور و ئەوەیش ویستێكی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێشان دەدات، كاتێك لە 16ی تەمووزی 2019 سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كرد و رێككەوتن كرا بەوەی دەستوور ببێتە بنەمای هەر چارەسەرییەك، هەر بۆیەش یەكەم كۆبوونەوەی هەردوولا لە 25ی تەمووزی 2019، ساز كرا لەسەر رەشنووسێك رێككەوتن كرا، لە سەرەتای كانوونی یەكەمی 2019 هەردوولا بە رێككەوتنێكی هاوسەنگ گەیشتن بۆ چارەسەركردنی كێشە نەوتی و داراییەكانیان، لە چوارچێوەی یاسای بودجەی 2020.

دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەتی ئەوكاتی عێراق وای كرد رێككەوتنەكە جێبەجێ نەبێت، بۆیە لەوكاتەی دەبوایە رەوانەكردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدا بەردەوام بووایە، كەچی لە 16ی نیسانی 2020، حكوومەتی عێراق بێ هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی و دەستووری مووچەكەی بڕی، كەچی هەرێم سوور بوو لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا و شاندی هەرێم چەند سەردانێكی بۆ بەغدا ئەنجام دا و گەیشتن بە لێكگەیشتن، بەڵام تێبینیمان كردووە لە ماوەی دواییدا خۆدزینەوەیەك هەیە لە گەیشتن بە رێككەوتنێكی هاوسەنگ سەبارەت بە شایستە داراییەكانی هەرێم، بۆیە وەزارەتی دارایی هەرێم بەیاننامەیەكی دەركردووە و چەند راستییەكی روون كردووەتەوە.  

یەكەم/ وەزارەتی دارایی بەغدا وەزارەتی دارایی هەرێمی بەوە تۆمەتبار كردووە كە ئەو پارەی بەغدا رەوانەی كردووە بەسەر فەرمانبەرانی دابەش نەكردووە، بۆیە ئەو تۆمەتانە بە بەڵگە و نووسراوی فەرمی رەت دەكەینەوە لە رێگەی بڵاوكردەوەی لیستی ئەو پارانەی لە 2014ەوە تا نیسانی 2020 لەلایەن حكوومەتی بەغداوە رەوانە كراوە، بە بەراوردكردنی ئەو بڕەی دەبوایە رەوانەی بكات، ئەوەیش ئەوە روون دەكاتەوە كە حكوومەتی فیدراڵ شایستە داراییەكانی هەرێمی بە تەواوەتی رەوانە نەكردووە و ئەوەیش كاری كردووەتە سەر پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بە شێوەیەكی رێكوپێك وەك ئەوەی خوارەوە:

كۆی ئەو پارەی حكوومەت مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی و خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی خەرجی دەكات، 893 ملیار دینارە، لەوكاتەی بەغدا مانگانە لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم لە ناوەڕاستی 2019ەوە، تەنیا 453 ملیار دیناری رەوانە كردووە، ئەوەیش 51%ی كۆی ئەو مووچەیەیە كە حكوومەتی هەرێم دابەشی دەكات، بۆیە حكوومەت پەنای بۆ داهاتی ناوخۆیی جگە لە نەوت برد بۆ پڕكردنەوەی بڕی پێویست بۆ مووچە، لەوكاتەی ئەو بڕەی لە بەغدا دەهات بۆ مانگەكانی ئایار و حوزەیران و تەمووز و ئابی 2020 وەستا و ئەوەیش كاری كردە سەر دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.  

دووەم/ وەزارەتی دارایی عێراق حكوومەتی هەرێم بە دیاری نەكردنی بنەمای كێشەكە و نەرمی نەنواندن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن تۆمەتبار كرد، لەوكاتەی حكومەتی عێراق هەڵوێستی لەسەر بنەمای هاوبەشی وەك لە مادەی 114ی دەستوور سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گومرگەكانی هەرێم، بنیات ناوە، لێرە روونی دەكەینەوە كە وەزارەتی دارایی عێراق هۆكاری نەگەیشتن بە چارەسەری بووە،  دووپاتیشی دەكەینەوە كە بەڕێوەبەرایەتی گومرگەكان لە هەرێم پێشێلی ئەو مادە دەستوورییەیان نەكردووە و پێوەی پابەندن، كەچی وەزارەتی دارایی عێراق ئەوە كە كاركردن بە دەستوور رەت دەكاتەوە و پێشێلی دەكات، وای دەبینین كە كێشەكە پێوەست نییە بە بەڕێوەبردنی گومرگەكانەوە، ئەوەندی پێوەستە بە بوونی دیدێكی ناوەندیانە هەوڵی سوودوەرگرتن لە دۆخی ئابووری هەرێم و ورووژاندنی هەستی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات، بۆ سەپاندنی ویستی خۆیان بەسەر هەرێم و بەوەیش پێشێلی دەستوور و لێكگەیشتنەكانی نێوان هەردوولا دەكرێت.

سێیەم/ وەزارەتی دارایی عێراق بانگەشەی ئەوە دەكات كە ژمارەیەك فەرمانبەرانی هەرێم داوا دەكەن بەغدا راستەوخۆ مووچەكانیان خەرج بكات، بێ رەچاوكردنی راستی ئەو قسەیە، پێ دەچێت وەزارەتەكە تێبینی مادەی 117ی دەستووری نەكردووە كە دانی بە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی وەك هەرێمێكی فیدراڵی خاوەن دەسەڵاتی جێبەجێكاری داناوە، ورووژاندنی بابەتێكی وا بوونی نیازێكی شاراوە بۆ سوودبینین لە دۆخی ئێستەی ئابووری هەرێم ئاشكرا دەكات كە خزمەت بە سەقامگیری وڵات و بەرژەوەندی هاووڵاتییان ناكات، دەریشكەوت كە تا ئێستە كەسانێك هەن دان بە سیستمی فیدراڵی لە عێراق دانانێن.    

چوارەم/ وەزارەتی دارایی عێراق حكوومەتی هەرێمی بە خۆدزینەوە و نەرمی نەنواندن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن تۆمەتبار دەكات، راستییەكەی پێچەوانەی ئەوەیە، چونكە لەگەڵ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدا لە 16ی نیسانی 2020 تا ئێستە شاندی حكوومەتی هەرێم شەش جار سەردانی بەغدای كردووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و نەرمییەكی زۆرمان نواندووە و هیچ پاساوێك نەماوە بۆ نەگەیشتن بە رێككەوتن، هەرێم بە هەموو پێشنیازەكانی بەغدا رازی بووە سەبارەت بە نەوت و داهاتەكەی و دۆسیەی داهاتە جگە لە نەوتییەكان لەوانەیش دەروازە سنوورییەكان، هەروەها هەرێم بە كاركردن بە بڕگەكانی مادەی 29ی یاسای بەڕێوەبردجنی دارایی فیدراڵ رازی بووە، بەڵام هەمووجارێك تووشی سەرسڕمان دەبین كە دوای ئەوەی گفتوگۆكان پێشوەچوونی باش بەخۆیانەوە دەبینن، بەغدا مەرجی نوێ دەخاتە روو دوور لە دەستوور و پێشێلكاری بۆ قەوارەی دەستووری هەرێم.

بۆیە هەڵوێستی هەرێم روونە بە رەت نەكردنەوەی هیچ میكانیزمێك بۆ چاودێریكردن و لێوردبوونەوە لە داهاتەكان بە پێی دەستوور، واشی دەبینین ئەو جۆرە بەیاننامانەی وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵێكن بۆ دەستخەڕۆكردنی رای گشتی و شاردنەوەی راستییەكان و خۆدزینەوەی حكوومەتی بەغدا لە بەجێگەیاندنی ئەركە دەستوورییەكانی بەرانبەر بە فەرمانبەرانی هەرێم و خەرجكردنی شایستەی دارایی چوار مانگیان، بۆیە لەسەر بنەمای ئەو راستیانە و ویستی جێگیری حكوومەتی هەرێم و دیدی بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان دووپات دەكەینەوە، لەوانە دۆسیەی دارایی لە رێگەی گفتوگۆی ئامانجدارەوە، داوای لە حكوومەتی فیدراڵ دەكەین بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆیەكی بەرهەمدار و حكوومەتی هەرێمیش پابەندی تەواوی هەیە بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی هاوسەنگ و دادوەرانە لەسەر بنەمای دەستوور.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل