لە سلێمانی بەهۆی ڕێگری لە كەلوپەلی خراپ هێرش دەكرێتە سەر كۆمپانیایەك

:: AM:09:01:15/08/2020 ‌
كۆمپانیایەك كە ماوەی سێ ساڵە كاری پشكنینی تاقیگەیی بۆ سەرجەم كەلوپەلەكە هاوردەكراوەكانی دەروازە سنوورییەكانی "پەروێزخان و پشتە و كێلێ" ئەنجام دەدات، بەهۆی ڕێگریكردن لە هاوردەكردنی كەرەستەی پلاستیكی كوالیتیی خراپ و ژەهراوی، هێرش دەكرێتە سەریان.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی ئاب، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆمپانیای لۆكس ئەیجنسی، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەم پێش دەستپێكی دەوامی فەرمی، نووسینگەی كۆمپانیای لۆكس ئەیجنسی لە دەروازەی سنووریی پشتە لەلایەن هەندێك لە بازرگانانی دیاری كەرەستەی پلاستیكی و شۆفێری بارهەڵگرەكانیانەوە، هێرش دەكرێتە سەر تاقیگەكانی ئەو نووسینگەیە و زیانێكی زۆر بە كەرەستە و ئامێرەكان دەگەیەنن.

بووەتە هۆی ڕاگرتنی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەكە
ڕوون كراوەتەوە، ئەو هێرشە وەك كاردانەوەی ناڕازیبوونیان لە ئەنجامەكانی پشكنینی كەرەستە پلاستیكییە هاوردەكراوەكانیان كراوە، كە ڕۆژی پێشتر 12 نموونەیان بەهۆی دەرنەچوونیان لە دەرئەنجامی تاقیگەیی ڕەت كراوەتەوە، بەم هۆیەوە زیانی گەورە بەر نووسینگەی كۆمپانیاكە كەوتووە و بووەتە هۆی ڕاگرتنی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەكە.

باس لەوەش كراوە، هەر لە سەرەتای دەستپێكردنمان بە پشكنینی كەرەستەی پلاستیكی، بۆمان دەركەوت كە لە هەندێك لە كەرەستە هاوردەكراوەكاندا بڕێكی زۆر مادەی ژەهراوی وەك كانزا قورسەكان بەكار دەهێنرێت لە بەرهەمهێنانی كەرەستە پلاستیكییەكاندا، ئەمەش لەبەر هەرزانیی نرخی مادە پێكهێنەرەكان، بەبێ گوێدانە تەندروستیی مرۆڤ و بەرژەوەندیی گشتی.

"هەندێك لە بازرگانان بەبێ گوێدان بەو مەترسییانە بەردەوام بوون لە هاوردەكردنی ئەو كاڵایانە، چەندان جار هەڕەشەی ڕاگرتنی كارەكانی كۆمپانیا و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان كردووە لە دەروازەكەدا". ئەو كۆمپانیایەی پشكنین ڕای گەیاندووە.



وشە - رامیار جەواد