خاوەنی كۆمپانیایەكی هێنانی ئۆتۆمبێل رای دەگەیەنێت، دوو هەفتەی تر هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2018 بۆ هەرێمی كوردستان دەوەستێت و مۆدێل 2021 بەفەرمی هاوردە دەكرێت.
لە یەكی ئەیلوولەوە هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2018 دەوەستێت
ئەمڕۆ شەموو 15ـی ئاب، حاجی سەعید محەمەد خاوەنی یەكێك لە كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، لە یەكی ئەیلوولەوە هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2018 دەوەستێت بۆ هەرێمی كوردستان.
ئەو خاوەن كۆمپانیایە گوتی، بەپێی ڕێنوێنییەكانی چەند ساڵەی وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە ئەو كۆمپانیایانەی ئۆتۆمبێل هاوردە دەكەن، لە دوای یەكی ئەیلوولەوە دەتوانن ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2021 هاوردە بكەن و چیتر ناتوانن مامەڵەی هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2018 بكەن.
ڕوونی كردەوە، بڕیارەكان ساڵانە لە یەكی ئەیلوول جێبەجێ دەكرێت و ساڵانە دەتوانرێت تەنیا سێ مۆدیل ئۆتۆمبێل هاوردە بكرێت، دوو هەفتەی تر ئەو بڕیارە بۆ كۆمپانیاكان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
باسی لەوەش كرد، ئەمساڵ هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی كوردستان بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە و كڕیار نییە، نرخیش لە شوێنی خۆی جێگیرە.
ساڵانە ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و كۆمەڵێك مەرج و ڕێنوێنی هەن پێویستە ئەو كۆمپانیایانەی ئۆتۆمبێل هاوردە دەكەن، جێبەجێیان بكەن.