بودجەیەكی تر بۆ تەندروستی ڕاپەڕین دیاری كرا

:: AM:11:46:15/08/2020 ‌
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین ڕای دەگەیەنێت، بۆ تەواوكردنی دروستكردنی بەشی كۆتایی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕاپەڕین، بەشە بودجەیەكی تر خەرج كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی ئاب، هیوا مەحموود بەڕێوەبەری تەندروستی ڕاپەڕین لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی فێركاری ڕانیە گەیشتووەتە قۆناغەكانی كۆتایی.

بودجەیەك لە وەزارەتی دارایی بۆ نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەكە تەرخان بكرێت
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین گوتی، پڕۆژەی فراوانكردن و نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی فێركاری ڕانیە، ئێستە لە قۆناغەكانی كۆتادایە و دوای هەوڵێكی زۆر، توانرا بودجەیەك لە وەزارەتی دارایی بۆ نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەكە تەرخان بكرێت.

باسی لەوەش كرد، بەشی دووەمی پارە بۆ نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەكە، دەست كرا بە خەرجكردنی، هەروەها پڕۆژەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ت ئاستێك دواكەوت، بەڵام ئێستە كاركردن لە پڕۆژەكە بەردەوامە و لە قۆناغەكانی كۆتادایە.

لەبارەی مانگرتن و وەستانی كارەكان لە نەخۆشخانەكان گوتی، سوپاسی كارمەندان دەكەم بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەن و كاركردن لە نەخۆشخانەكان بەردەوامە، شوێنی ئەو كەسانەیش پڕ كراوەتەوە كە مانیان لە كاركردن گرتووە و ئێستە هەموو خزمەتگوزارییەك پێشكەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد