كۆنفرانسێكی بازرگانی لە نێوان بازرگانانی كوردستان و چین بەڕێوە دەچێت

:: PM:01:10:15/08/2020 ‌
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بۆ باشتركردنی كارەكان كۆنفرانسێكی بازرگانی لە نێوان بازرگانانی هەرێمی كوردستان و چین بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی ئاب، گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی لقی هەولێری یەكێـتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ باشتركردنی كارە بازرگانییەكان لە نێوان كوردستان و چین، كۆنفرانسێكی ئۆنلاین لە نێوان بازرگانانی هەرێمی شەنگەهای چین و بازرگانانی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت
سەرۆكی لقی هەولێر گوتی، كۆنفرانسەكە بە ئاگەداری كونسوڵگەی چین لە هەولێر دەبێت و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو كۆنفرانسە لە 31ـی ئاب دەست پێ‌ دەكات و لە چواری ئەیلوول كۆتایی دێت، سەرجەم بازرگانان و خاوەن كۆمپانیاكان بەتایبەت ئەوانەی كە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ چین دەكەن، دەتوان بەشدار بن.

ڕوونی كردەوە، ئەو كۆنفرانسە بۆ پێداچوونەوەیە بە نوێترین نرخ و گۆڕانكارییەكان، هەروەها باشتركردن و نوێبوونەوەی پێوەندییەكانە.

هەرێمی كوردستان و چین پێوەندییەكی بەهێزی سیاسی و بازرگانییان هەیە و ساڵانە چەندان پڕۆژەی گرنگ لەلایەن كۆمپانیا چینییەكان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.



وشە - رامیار جەواد