فرسەت سۆفی: ئێستە لە دۆخە خراپەكەداین

:: PM:01:58:15/08/2020 ‌
پارێزگاری هەولێر ڕای دەگەیەنێت، ئێستە دۆخی تەندروستیی هەولێر لەوپەڕی خراپیدایە و ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا زۆر بووە، هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە نەخۆشخانەكان بتوانن نەخۆش وەربگرن.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی ئاب، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لەكاتی خەڵاتكردنی قوتابیانی یەكەمەكان لە پۆلی 12ـی ئامادەیی بە میدیاكانی ڕاگەیاند، بەداخەوە ڕای دەگەیەنین ئەوەی نەماندەویست پێی بگەین لە دۆخی كۆرۆنادا، پێی گەیشتووین و ئێستە لە دۆخێكی سەختداین.

هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە نەخۆشخانەكان بتوانن تووشبووەكان وەربگرن
پارێزگای هەولێر گوتی، ڕێكاری زۆر توندمان گرتەبەر بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زۆری ڤایرۆسەكە، بەڵام بەهۆی پابەند نەبوونی هاووڵاتییان و پشتگوێخستنی ڕێنوێنییەكان، ئێستە لە دۆخێكداین كە زۆر خراپە، هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە نەخۆشخانەكان بتوانن تووشبووەكان وەربگرن.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر هاووڵاتییان پابەندبن، ئێستەش دەتوانین وابكەین ئامارەكان دەست بە كەمبوونەوە بكەن، دۆخەكە لە دەست دەرنەچووە، تا هاووڵاتییان زیاتر پابەندی ڕێنوێنییەكانی خۆپارێزی بن، زیاتر نزیك دەبینەوە لە تێپەڕاندنی ئەم ژمارە زۆرانەی تووشبوون.

ڕوونی كردەوە، پابەندبوونی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكان، ئێستە لە ئاستێكی باشدایە و جێی خۆشحاڵییە كە هاووڵاتییان هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكەن.



وشە - رامیار جەواد