هیندستان دەست بە كڕینی نەوت لە ئێران دەكاتەوە

:: PM:01:59:15/08/2020 ‌
باڵوێزی هیندستان لە ئێران ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی دەیەوێت دەست بە كڕینی نەوت لە ئێران بكاتەوە، بەڵام بەر لەو بڕیارە دەبێت لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەكانی راوێژ بكات.

هیندستان پێی وایە پاڵاوگەكانی لەسەر بنەمای كوالێتی نەوتی خاوی ئێران دامەزرێنراون و نەكڕینی نەوت لە ئێران زیانی زۆری بە هیندستان گەیاندووە، نەوتی وڵاتی تر ئەو سوودەی بۆ هیندستان نییە كە چاوەڕێی دەكات.

هیندستان یەكێك لە كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی ئێران بوو، لە ساڵی 2018 ئەو وڵاتە رۆژانە 705 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران دەكڕی، بەڵام ساڵی رابردوو هیندستان بۆ جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بڕیاری دا چیتر نەوت لە ئێران نەكڕێت.
پێویستی بەوە هەیە رەزامەندی هاوپەیمانەكانیشی مسۆگەر بكات.

بۆ كڕینی نەوت لە ئێران هێشتا هیندستان لە دۆخەكە دەترسێت و پێی وایە ناتوانێت یەكلایەنە ئەو بڕیارە بدات، پێویستی بەوە هەیە رەزامەندی هاوپەیمانەكانیشی مسۆگەر بكات.

بەگوێرەی رادیۆ زەمانە، ئێران و هیندستان لەمدواییانەدا لە بەندەری چابەهار رێككەوتننامەیەكی لێكتێگەیشتنیان واژوو كردووە و پەرەپێدانی بەندەرێك بە هیندستان هاتووەتە سپاردن. هەرچەندە ئێران هیندستانی بە كەمتەرخەمی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان تەرخان كردووە.

 ئێران بەرانبەر هەڵوێستەكانی رابردووی هیندستان بۆ نەكڕینی نەوت، ئەو وڵاتەی لە كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیجیی وەك دروستكردنی رێی ئاسنین و وەبەرهێنان لە كێڵگەیەكی نەوت بێبەش كردووە .


وشە - سلێمان تاشان