مەترسی و نیشانەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لە منداڵ

:: PM:04:37:15/08/2020 ‌

نۆ مانگە ڤایرۆسی كۆرۆنا ژیانی مرۆڤایەتی شێواندووە و كاری كردووەتە سەر شێوازی ژیانی، تا ئێستەیش مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە هەیە و ژمارەی قوربانیانی 21 ملیۆن حاڵەتی تێپەڕاندووە، شارەزایان دەڵێن كەسانێك بێ ئەوەی هەستی پێ بكەن تووشی بوونە و چاكبوونەتەوە، بەڵام نیشانەكانی تووشبوون و زیانەكانی بۆ سەر منداڵ چییە؟ 
تووشبوونی منداڵان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا 90% زیادی كردووە
لە ماوەی رابردوو بە هاوشێوەی گەورەكان، تووشبوونی منداڵان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیادی كردووە و پزیشكان وریایی دەدەن كە فەرامۆشكردنی نیشانە سووكەكانی تووشبوونی منداڵ بە ڤایرۆسەكە، رەنگە ئەنجامی خراپی لێ بكەوێتەوە، راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی لە ژمارەیەك شارەزا دەگوازێتەوە كە چەند نیشانەیەك هەن، ئەگەر لەسەر منداڵ دیاركەوت، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.

ئەكادیمیای ئەمەریكی بۆ پزیشكی منداڵ بەمدواییە راپۆرتێكی لەوبارەوە بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی كردووە، لە چوار هەفتەی دوایی رێژەی تووشبوونی منداڵان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا 90% زیادی كردووە، نیشانەكانی تووشبوونیش هەمان نیشانەكانی تووشبوونی گەورەكانە، لەوانە كۆكە و تا لەدەستدانی كاتی هەستی بۆنكردن، ئەو نیشانانەیش لە گەورە و بچووك هەیە.

دانیان كووهین، پزیشكی منداڵ ئاماژە بۆ هەندێك نیشانەی سەرەكی تووشبوونی منداڵ دەكات، لەوانە هەناسەتەنگی و پەڵەی پێست و بێهێزی، روونی كردەوە، لەكاتی هەست بە داهێزرانی منداڵ و كزبوونی كرا، یان خەواڵوویی بە درێژایی كات و نەمانی خواستی خواردن و خواردنەوە، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت، راپۆرتەكە ئاماژەی كرد، مەترسی گەورە بۆ باوان ئەوەیە كە زۆرێك لە منداڵان نیشانەی تووشبوونیان نییە، بۆیە پێویستە لە قوتابخانەیش چاودێریان بكەن.

راپۆرتەكە باسی نەخۆشییەكی دەگمەن دەكات كە بە كۆرۆناوە پێوەست كراوە، ئەویش هەوكردنی جۆراوجۆرە، كە رەنگە نیشانەكانی دوای چەند رۆژێك بۆ چەند هەفتەیەك لە تووشبوونی منداڵ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەربكەوێ، كە هاوشێوەی نەخۆشی كاواساكییە، كە ئەوەیش نەخۆشییەكی هەوكردنە و دووچاری لوولەكانی خوێن دەبێتەوە. 

لە نیشانەكانی ئەو هەوكردنەی دوای تووشبوون بە كۆرۆنا لای منداڵ دروست دەبێت، تایەیكی بەهێز و ئازاری سك و شێوانی هەرس و پەڵەی پێست و هەوكردنی چاو و سوورهەڵگەڕانی زمان، هەروەها سكچوون و هەوكردنی رژێنەكان و سوورهەڵگەڕانی دەست و پێ و ئاوسانیان و قڵێشانی لێو و سووربوونەوەی چاو و هەناسەدانی خێرا و كێشەی تری كۆئەندامی هەناسەدان.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل