گومان دەکرێ کۆرۆنا لە بەڕازیلەوە بۆ هەرێمی کوردستان گواسترابێتەوە

:: PM:05:06:15/08/2020 ‌
گومان دەکرێ لە رێگای مریشکی بەستووش ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بگوازرێتەوە و سەرەڕای ئەوەی کە هاوردەکردنی گۆشتی مریشکی بەستوو لە کوردستان قەدەغە کراوە بەڵام هێشتا ئەوە بەرهەمە دەبینرێت.

میدیاکانی چین بڵاویان کردەوە لە باڵی مریشکی بەستوو کە  لە بەڕازیلەوە هاوردەی چین دەکرێت ڤایرۆسی کۆرۆنایان دۆزیوەتەوە و چەند حاڵەتێکی جیاوازی ئەم ڤایرۆسەیان هەست پێکردووە و لە پشکنین ئەنجامەکەی پوزەتیڤ دەرچووە.

دوای ئەو زانیارییە چین بڕیاری دا چیتر گۆشتی مریشکی بەستوو لە بەڕازیلەوە هاوردە نەکات. بەڕازیل بە دووەم وڵات دێت کە زۆرترین ژمارەی تووشبووی کۆرۆنای تێدا تۆمار کراوە.
گۆشتی بەرازیلی لە بازاڕەکانی کوردستانیش دەبینرێن

گۆشتی بەرازیلی لە بازاڕەکانی کوردستانیش دەبینرێن کە بە قاچاخی هاوردە کراون و بۆیەش مەترسی هەیە هاووڵاتیان لەو رێگایەوە تووشی کۆرۆنا ببن.

هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر بۆ "وشە" ئاماژەی دا چوار مانگ دەبێ هاوردەکردنی هەر جۆرە مریشکێکی بەستوو بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کراوە  و تیمەکانی چاودێری بازرگانی لە هەر مارکێت و شوێنێک بزانن مریشکی بەستووی دەرەوە دەفرۆشرێت ئەوا بۆیان هەیە دەست بەسەر بەرهەمەکەدا بگرن و خاوەن دووکانەکەس سزا بدەن.

ئەو روونی کردەوە هەندێک لەو بەرهەمە لە بازاڕەکان هەیە کە لە رێگای قاچاخ هاوردە کراون و بۆیەش هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە تا رێگری لە فرۆشتنیان بکەن.
لە هەندێک دەروازەی نێودەوڵەتیی بە قاچاخ بەرهەمی جیاواز هاوردە دەکرێن

پێویستە بگوترێت لە هەندێک دەروازەی نێودەوڵەتیی بە قاچاخ بەرهەمی جیاواز هاوردە دەکرێن کە بەشێکیان رێگەپێدراو نین و لە چەند رۆژی رابردووشدا سەرپەرشتیاری هەندێک دەروازەی نێودەوڵەتی دانیان بەو راستییە ناوە.

گومان دەکرێ لە رابردوودا ئەم ڤایرۆسە لە رێگای ئەم جۆرە بەرهەمە بۆ کوردستان گواسترابێتەوە و بۆیەش لە کڕینی گۆشتی بەڕازیلی هۆشداری دەدرێت.



وشە - سلێمان تاشان