هه‌ڵسوڕاوی دیار و په‌رله‌مانتاری پێشووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان ڕه‌خنه له نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌گرێ و ده‌ڵێ دوو ساڵه یه‌ك لێدوانی نه‌داوه و ده‌شپرسێ ئایا نه‌خۆشی فه‌قه‌رات "بڕبڕه‌ی پشت" هیچ پیوه‌ندییه‌كی هه‌یه به زمان و قسه‌كردن و بیركردنه‌وه؟
عه‌بدوڵای مه‌لا نووری كه یه‌كێكه له هه‌ڵسوڕاوه دیاره‌كانی گۆڕان له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و پێشتر له فراكسیۆنی گۆڕان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان بووه، له په‌یجی فه‌رمی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك پۆستێكی كردووه و نووسیویه‌تی، هه‌ندێك پرسیاری جدی له مێشكمدا قه‌تیس ماوه.
ئه‌و ده‌ڵێ، نهێنی گۆڕینی بیر و ڕای چه‌ند ساڵه‌ی سه‌ركرده‌كانمان به‌ره‌و سیاسه‌تی مه‌سعوود بارزانی چییه؟ محه‌مه‌د حاجی، توانا فایه‌ق، سه‌ردار عه‌بدوڵا، كاروان ساڵح، ئایا ئه‌وان ڕێگه‌ی ڕاستیان دۆزیوه‌ته‌وه یان سه‌رلێشێواو بوونه؟ ئایا ئێمه هه‌ڵه‌ین یان ئه‌وان؟
له‌به‌شێكی تری قسه‌كانی عه‌بدوڵای مه‌لا نووری نووسیویه‌تی، بۆ كاك نه‌وشیروان له‌م دوو ساڵه یه‌ك لێدوانیشی نه‌داوه، به‌ڕاستی ئێمه‌ی گۆڕانخوازان هیچ گرنگییه‌كمان ماوه لای كاك نه‌وشیروان؟ ئایا داهاتی كۆمپانیاكانی گۆڕان كێ لێی ئاگه‌دار؟
له كۆتاییشدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پێشووی گۆڕان ده‌پرسێ، ئایا نه‌خۆشی فه‌قه‌رات (بڕبڕه‌ی پشت هیچ پێوه‌ندییه‌كی هه‌یه به زمان و قسه‌كردن و بیركردنه‌وه؟.
ئه‌و قسانه‌ی عه‌بدوڵای مه‌لا نووری له كاتێكدایه له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوو نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆربه‌ی كاته‌كان له به‌ریتانیایه و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێ و له‌و ماوه‌یه‌دا یه‌كجار گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و دواتر دیسان به‌ره‌و به‌ریتانیا ڕۆیشتووه‌ته‌وه و هیچ لێدوان و پێوه‌ندییه‌كیشی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نییه.
پێشتر چه‌ندان هه‌ڵسوڕاو و سه‌ركرده‌ی دیاری گۆڕان وازیان له‌و حزبه هێنا و به‌شێكیان پێوه‌ندییان به پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و به‌شێك له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی وازیان له گۆڕان هێنا نه كێشه‌ی دارایی و نه كێشه‌ی نه‌بوونی پۆست و پله‌یان نه‌بووه، به‌ڵكو باوه‌ڕیان به‌و بزووتنه‌وه‌یه نه‌ماوه و ده‌سبه‌رداری بوون، بۆیه هه‌ڵسوڕاوه‌كه‌ی گۆڕان پرسیارێكی ڕژدی وروژاندووه و ده‌ڵێ، ئایا ئه‌مانه هه‌موویان سه‌رلێشێواون؟