لە سێبەری كتێبدا لە نووسینی سدیق سەعید ڕواندزی چووە ژێر چاپ و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاو بكرێتەوە.
یەک لەو کتێبانەی خوێندنەوەی بۆ کراوە بۆڕییە ئاوەکانی حوکمڕانییە کە دەزگای میدیایی "وشە" بڵاوی کردووەتەوە
ناوەڕۆكی كتێبەكە، خوێندنەوە و ڕانانە بۆ 22 كتێبی جۆراوجۆری ئەدەبی و سیاسی و مێژوویی و فیكری.
سدیق سەعید لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکە بە "وشە"ی راگەیاند، بێگومان ئەستەمە ناوەڕۆكی كتێبێك لە وتارێكدا كورت بكرێتەوە، بەڵام ئێمە وەك خوێنەرێك مەبەستمانە گوتار و پەیامی ناوەڕۆكی كتێبەكان، لە دیدگایەكدا كە پێوەندییان بەیەكەوە هەبێت، پوخت بكەینەوە و بیخەینە ڕوو.
زیاتر روونی دەکاتەوە، لەمەشدا دوو ئامانجمان هەیە، یەكەمییان، هەوڵدانە بۆ ناسین و ئاشناكردنی ناوەڕۆكی كتێبەكە بە خوێنەران، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بیخوێننەوە و دووەمیان، زانیارییەكیان هەبێت لە بارەی كتێبەكەوە، ئەگەر نەشیخوێننەوە.
"دیارە هەموو كتێبێكیش ئێمە خوێندنەوە و ڕانانی بۆ ناكەین و تەنها ئەو كتێبانە دەخەینە ڕوو كە بزانین بۆ خوێنەری كورد بەهای فیكریی خۆیان هەیە و پاشخانی ڕۆشنبیرییان دەوڵەمەند دەكات" سدیق سەعید رواندزی وای گوت.
یەك لەو كتێبانەی نووسەر لەناو کتێبەکەیدا خستوویەتە روو، كتێبی "بۆڕییە ئاوەكانی حوكومڕانییە" لە نووسینی چیمەن ساڵح و یەکێکە لەو کتێبانەی دەزگای میدیایی "وشە" بڵاوی کردووەتەوە.