بڕیار درا 557 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان بێت

:: PM:01:30:08/09/2020 ‌
پەرلەمانتارێكی عێراق دەڵێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە كێشەی پارەی گەنمی جووتیاران چارەسەر بكات و پارەی گەنمی جووتیارانی سێ‌ ساڵ بنێرێت.

ئەمڕۆ سێشەم هەشتی ئەیلوول، مەیادە نەجاڕ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك فڕاكسیۆنی پارتی لە ڕابردوو لەگەڵ مستەفا كازمی كۆ بووینەوە و داوامان لێ كرد كێشەی قەرزی جووتیاران چارەسەر بكات.

ئەندامەكەی ئەنجوومەن گوتی، پارەی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 لای عێراق ماوە و نەدراوە، بۆیە كە نووسراوەكەمان لەوبارەیەوە ئاراستەی كرد، واژووی لەسەر كرد و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كرد، ئەوانیش نووسراویان بۆ وەزارەتی بازرگانی كردووە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە خەرج بكەن بۆ جووتیارانی كوردستان. 

بەمزووانە كە رێكارەكان تەواو بوون، دەست بە خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەكرێت
لەبارەی كاتی خەرجكردنی گوتی، ئێمە بەردەوامین لە بەدواداچوون و دوێنێ‌ سەردانی وەزارەتی بازرگانیمان كرد، ئەوانیش پێویستە بەزووترین كات وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران بدەنەوە لەبارەی بڕی پارەی قەرزی جووتیارانی هەرێمی كوردستان و بە زوویی پارەكە خەرج بكرێت.

باسی لەوەش كرد، پارەكە بڕەكەی زیاتر لە 500 ملیار دینارە و بەمزووانە كە رێكارەكان تەواو بوون، دەست بە خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەكرێت.

لە ڕابردوودا بە بڕیارێكی سیاسیی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ نەهاتە هەرێم كە بریتی بوو لە 557 ملیار دینار.



وشە - رامیار جەواد