بەرپرسێكی بەرگری شارستانی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، تەنها ئەمساڵ لە زێی گەورە 17 هاووڵاتی خنكاون و پێشتریش ئاگەداریمان هەڵواسیووە ئەو شوێنە بۆ مەلەكردن گونجاو نیە.
ئەمڕۆ شەموو 12ـی ئەیلوول، سەركەوت كاڕەش گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ماوەی ئەمساڵ چەندین هاووڵاتی لە زێی گەورە خنكاون دواین ڕووداوی خنكانیش دوێنێ بوو.
تەمەنیان نۆ ساڵ و 10 ساڵ و 11 ساڵ بوون خنكاون، ئەوانەی خنكاون دوو كوڕ و كچێك بوون
گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر گوتی، دوێنێ لەئاوی زێی گەورەدا لە نزیك گوندی گردە رەشە لە شارۆكەی خەبات سێ منداڵی دوو خێزان كە خزمی یەكتر بوون و تەمەنیان نۆ ساڵ و 10 ساڵ و 11 ساڵ بوون خنكاون، ئەوانەی خنكاون دوو كوڕ و كچێك بوون.
باسی لەوەشكرد، بەرگری شارستانی پێشوتریش ئاگەداری هاووڵاتیانی كردوەتەوە بە هەڵواسینی تابلۆ كە ئاوی زێی گەورە بۆ مەلەكردن گونجاو نیە بەهۆی بوونی دەیان چاڵ لەناو ئاوەكەدا كە بەهۆی كاركردنی كارگەكانی غەسالەوە دروست بوون و مەترسی لەسەر هەموو ئەوانە دروست دەكات كە نەشارەزان یان پابەندی رێنوێنییەكان نابن.
ڕوونی كردەوە، زێی گەورە ناوچەیەكی زۆر فراوانە و نازانن كێ لە كوێ مەلە دەكات تا تیمەكان لەو شوێنە ئامادەییان هەبێت بە بەردەوامی لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی توانا لەكارەكانیان بەردەوامن ئەمساڵ 17 ڕووداوی خنكان تۆمار كراوە.