زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و ئامرازێکە بۆ ناساندن و بەرەوپێشبردنی پێوەدنی و لێکتێگەیشتن لەنێوان دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان، هه‌روه‌ها خاڵی جیاکەرەوەى گرنگی نێوان زیندەوەران بەگشتی لە دوای ئاواز زمانی قسەکردنە. بۆ گفتوگۆکردن ده‌رباره‌ی گرنگی و بایه‌خی زمان و هۆکاره‌کانی فه‌رامۆشکردنی زمانی کوردی و چه‌ند پرسێکی تری تایبه‌ت به زمان، د. نه‌ریمان خۆشناو له دیمانه‌یه‌کی بۆ "وشه" وڵامی چه‌ند پرسیارێک ده‌داته‌وه.
به گشتی چۆن پێناسەی زمان ده‌که‌یت؟
پێناسه‌کردنی زمان کارێکی ئاسان نییه، به‌ڵکو له کۆمه‌ڵێ ڕوانگه‌ی جیاجیا سه‌یری زمان ده‌کرێت، هه‌ر ڕوانگه‌یه‌کیش به شێوه‌یه‌کی جیاواز ده‌ڕوانێته زمان، له‌وانه له ڕوانگه‌ی "زمانه‌وانی، کۆمه‌ڵایه‌تی، زمانه‌وانیی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی و.. هتد"، کۆزمانەوانەکان لە پێناسەی زمان له ڕوانگه‌ی زمانه‌وانیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دەستەوەستان دەوەستن و پێیان وایە، زمان لە پێناسە نایەت و خۆیان زیاتر بە بیرۆکەی کۆمەڵەی زمان دەبەستنەوە، لەلای ئەمان کۆمەڵەی زمان ئەو کۆمەڵە خەڵکەیە کە هەست دەکەن بە یەک زمان دەدوێن، یان زمان گرنگترین ئامرازی په‌یوه‌ندیکردنه.
کەواتە زمان کۆمەڵە شێوازێکی جیاوازە، هەریەکەیان بۆ بارێکی تایبەتی دەست دەدەن، بۆ نموونە باری پێشوازیکردن و باری بەڕێوەبردن و باری بەڕێکردنی میوان، لەلایەکی ترەوە زمان بەپێی ڕەگەز، توێژی کۆمەڵایەتی، تەمەن و نێوەندەکان دەگۆڕێت، لێرەشدا بۆنە و گروپە کۆمەڵایەتییەکە و تەمەن، جۆری زمانەکە دەسەپێنێ، بە واتای ئەوەی گروپی کۆمەڵەکە جۆری یەکە فەرهەنگییەکان دەسەپێنێ، بەو واتایه‌ی کلتوور و شوێنەوار و ژینگەی خەڵکەکە، جۆری زمانەکە دیاری دەکات.
کەواتە زمان تەنیا کەرەستەیەک نییە بۆ ناردن، وەرگرتن و لێتێگەیشتنی پەیامی نێوان مرۆڤەکان، بەڵکو دیسان زمان کەرەستەی ناسین و ناساندنی تاک و کۆیە بۆ هەر شوێن و دەمێک، لە دەوروبەری ئێمەدا هەزاران زمان و دیالێکت هەیە، کە گوزارشت لە چەندان جۆر بۆچوونی هزریی، کۆمەڵایەتی، چینایەتی، ڕەگەزی، وێژەیی، شێوازی ژیان دەکەن، زمان دیاردەیەکی کولتوورییە، بۆیە گەلێک پەیوەستە بە بونیادی کۆمەڵایەتی و بەهاکانی سیستەمی کۆمەڵگه.
چۆن لە مێژووی زمانی کوردی دەڕوانیت و بە چەند هەنگاو بووینەتە خاون ئەم زمانەی ئێسته؟
مێژووی زمانی کوردی مێژوویه‌کی لێڵ و ئاڵۆزه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌کرێ به‌سه‌ر سێ قۆناغ دابه‌شی بکه‌ین، که هه‌ر قۆناغێک ئه‌دگار و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، به‌م شێوه‌یه:
_ زمانی میدیا یان زمانی ئا‌ڤێستا: زمانی کوردی له ده‌وڵه‌تی میدی زمانی ده‌وڵه‌ت بوو، ئه‌م زمانه له‌گه‌ڵ ڕووخانی ده‌وڵه‌تی ماد به‌ره‌و پووکانه‌وه و له‌ناوچوون چوو.
_ زمانی په‌هله‌وی: زمانی په‌هله‌وی زمانێکی کۆنی هیندۆئێرانی بوو، زمانی فەرمیی ساسانییه‌کان بوو، له سه‌ده‌ی سێیه‌مه‌وه تا سه‌ده‌ی هه‌شته‌م زمانی ئاخاوتن و نووسین بووه.
_ زمانی ئه‌ده‌بی کلاسیکی کوردی: ئه‌م زمانه پێوەستە به زمانی حکوومڕانی میرنشینه کوردییه‌کانی بادینی، سۆرانی، ئه‌رده‌ڵانی، بابانی.. و هتد.
جێی باسه، قۆناغی سێیه‌م له میرنشینی بابانه‌وه به‌هۆی کاریگه‌ریی شیعره‌کانی نالی، سالم و کوردی زمانی کوردی پێگه‌ی خۆی چه‌سپاند و په‌ڕییه‌وه بۆ حکومڕانییه‌کانی حکوومه‌تی خوارووی کوردستان، حکوومه‌تی کوردستان، سه‌رده‌می ئۆتۆنۆمی، حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، که تا ئێستە ئه‌م زمانه و شێوه‌که‌ی به‌رده‌وامه و به‌کاره.
هۆکاری فەرامۆشکردنی زمانی دایک له كوردستان بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
له دنیادا ئاراسته‌یه‌ک هه‌یه به‌ره‌و به ئینگلیزیکردن، واته ئه‌م ئاراسته‌یه کارده‌کات بۆ لاوازکردن و فه‌رامۆشکردنی زمانی دایک، ئه‌مه‌ش کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه و به‌ربه‌ستێکی گه‌وره‌شه له‌به‌رده‌م زمانی دایک له دنیا به‌گشتی و زمانی کوردی به‌تایبه‌تی.
ده‌رباره‌ی زمانی کوردی به‌داخه‌وه هۆکارگه‌لێک هه‌ن بۆ فه‌رامۆشکردنی، له‌وانه:
_ که‌رتی تایبه‌ت و کونسولگه‌ریی و کۆمپانییه‌کان ته‌نیا کار له‌سه‌ر زمانی بێگانه ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی زمانی ئینگلیزی، به‌و واتایه‌ی ئه‌مڕۆکه زمانی دایک کاری ده‌ستناکه‌وێت و زمانێکی فه‌رامۆشکراوه.
_ له دادگاکان تا ئێستە زمانی عه‌ره‌بی زمانی کارکردنه، به‌جۆرێک تا ئێستە بڕیاره‌کانی دادگاکانی هه‌رێم به عه‌ره‌بی ده‌رده‌چن نه‌ک کوردی.
_ پێشتر په‌رله‌مانی کوردستان زۆربه‌ی بڕیاره‌کانی به زمانی عه‌ره‌بی وه‌ک زمانی یه‌که‌م ده‌رده‌کرد، دواتر وه‌ریده‌گێرایه سه‌ر زمانی کوردی، ئه‌گه‌رچی ئێستە له‌م خووله‌ی په‌رله‌مان ئاراسته‌یه‌ک هه‌یه یاساکان جاری یه‌که‌م به کوردی ده‌رده‌چن.
_ لایەنە پێوەندیدارەکان بە زمان و خوێندن لە هەرێمی کوردستان، بە چاوێکی سووک سه‌یری زمانی کوردی ده‌که‌ن، زیاتر گرنگی به زمانی ئینگلیزی و زمانانی تری بێگانه ده‌ده‌ن.
_ نه‌بوونی زمانێکی ستانداردی کوردی سه‌رانسه‌ری، که ئه‌مه گرفتێکی گه‌وره‌یه، چونکه کرمانجی سه‌روو و کرمانجی ناوه‌ڕاست هه‌ردووکیان له‌م هه‌رێمه بچووکه وه‌ک زمانی ستاندارد کارده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش وای کردووه خه‌ڵک به چاوێکی تر سه‌یری ئه‌م زمانه بکه‌ن و فه‌رمۆشی بکه‌ن.
ئەو هەوڵانەی بۆ فێربونی زمانێکی نوێ دەدرێت تا ئیسته هەوڵ بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی زمان دراوە؟
به‌داخه‌وه زۆرترین کارئاسانی بۆ فێربوونی زمانی بێگانه کراوه، وەک، دەیان باخچه‌ی منداڵان و قوتابخانه و په‌یمانگه و زانکۆ و سه‌نته‌ر به زمانی بێگانه کراونه‌ته‌وه، به پێشکه‌وتووترین ئامێر و گه‌وره‌ترین باڵه‌خانه شوێنی تایبه‌ت بۆ ئه‌م قوتابخانه و زانکۆیانه به مه‌به‌ستی فێربوون و فێرکردنی زمانی بێگانه کراوه، له به‌رانبه‌ردا بۆ زمانی دایک باخچه‌ی منداڵان و قوتابخانه و په‌یمانگه و زانکۆ له باڵه‌خانه‌یه‌کی کۆن و شوێنێکی نه‌شیاو دانراوه، وا هه‌ست ده‌که‌یت له دوو وڵاتی جیان ئه‌م دوو جۆره په‌روه‌رده و فێرکردنه.
هیچ پلان و نه‌خشه‌یه‌کمان نییه بۆ بره‌ودان به زمانی کوردی، به‌ڵکو زمانی کوردی ئه‌مڕۆکه له سه‌ره‌مه‌رگه و به‌ره‌و له‌ناوچوون و پووکانه‌وه ده‌چێت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی زۆر گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد له پارچه‌یه‌کی کوردستان، ده‌سه‌ڵاتداران بیریان له‌وه نه‌کردووەته‌وه پاڵشتی له زمان بکه‌ن، سه‌یری وڵاتانی عه‌ره‌بی بکه چ کارێک ده‌که‌ن بۆ پێشخستنی زمانیان، بودجه‌ی تایبه‌تییان هه‌یه بۆ چاپکردنی کتێب به زمانی عه‌ره‌بی بۆ کردنه‌وه‌ی قوتابخانه و په‌یمانگه و زانکۆ به زمانی عه‌ره‌بی، یاسای پاراستنی زمانی عه‌ره‌بییان هه‌یه، ده‌وڵه‌ت ساڵانه بودجه له بوجه‌ی ده‌وڵه‌ت ته‌رخان ده‌کات به مه‌به‌ستی زیاتر پێشڤه‌چوونی زمان.
لای ئێمه تازه بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه زمانی کوردی له پۆلی دوازده ده‌که‌نه ئاره‌زوومه‌ندانه، ئه‌مه سه‌قه‌تترین و کوشنده‌ترین بڕیاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای حکوومه‌تی کوردییه له مێژوودا، به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه وانه‌ی کوردی له قۆناغی ئاماده‌یی به‌تایبه‌تی پۆلی دوزاده سووک کرا، هه‌موو حکوومه‌ته یه‌ک له‌دوای یه‌کەکانی عێراق ئاواتیان ئه‌وه بوو زمانی کوردی لای ڕۆڵه‌کانی کورد سووک بکه‌ن و نه‌یانتوانی، به‌ڵام خۆمان کردمان، کاره‌ساته زمانی کوردی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت.
یه‌ک نموونه‌تان بۆ ده‌هێنمه‌وه، دێڤید کریستال له یه‌کێ له کتێبه‌کانیدا له‌باره‌ی مردنی زمان ده‌ڵێت: زمانی ئینگلیزی ڕۆژێک دادێت ده‌مرێت و مه‌ترسی له‌سه‌ره، ئه‌گه‌ر ئه‌مه قسه‌ی دێڤید کریستال له‌سه‌ر زمانی ئینگلیزی وا بڵێت، که‌واته زمانی کوردی ئێستا ده‌بی فاتیحای بۆ بخوێنرێت.
سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵی چییە لەبەرەوپێشچوونی ڕەسەنایەتی زمان یان لە لەناوچوونی؟
سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵی ئه‌رێنی و نه‌رێنی بینیوه، چونکه به‌شێکیان ئاخاوتن و زمان، زار و زمان له یه‌کتر جیاناکه‌نه‌وه، به‌و واتایه‌ی چۆن له ماڵه‌وه قسه ده‌که‌ن، دێن له سۆشیاڵ میدیا به هه‌مان شێوه‌ی ماڵه‌وه یان هه‌مان شێوه‌ی عه‌شیره‌تی خۆی یان ده‌ڤه‌ری خۆی قسه ده‌کات، ئه‌مه‌ش زیانه بۆ سه‌ر زمانی ستاندارد و وشه‌ی ڕه‌سه‌نی کوردی، یانیش ئه‌مڕۆکه ئاراسته‌یه‌ک هه‌یه زیاتر هه‌وڵ ده‌دات وشه‌ی بێگانه به‌کاربێنی له‌بری وشه‌ی ڕه‌سه‌نی کوردی، ئه‌مه‌ش وای کردووه نه‌وه‌ی نوێ نامۆ بێت له وشه ڕه‌سه‌نه‌کانی زمانه‌که‌ی، له لایه‌کی تره‌وه دەیان وشه‌ی بواری په‌له‌وه‌ریی و کشتوکاڵی و شینایی و ڕه‌ز و باخات و ئاژه‌ڵداری ئه‌مڕۆ خه‌ریکه له‌ناو ده‌چێت، چونکه نه‌وه‌ی نوێ یه‌ک وشه‌ی به‌کار ناهێنێ و دوو شتیش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه ناخوێننه‌وه که بۆ هه‌ر بوارێک چ وشه‌یه‌ک به‌کاردێت؛ لە هه‌مان کاتیش‌دا هه‌ندێک جار سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵی ئه‌رێنی بینیوه له ناساندن و به‌کارهێنانی وشه ڕه‌سه‌نه‌کانی زمانی کوردی، به‌ڵام ئه‌مه که‌متره.
ئایا لەمڕۆدا پێویستمان بە فەرهەنگی کوردی بۆ کوردی نییە، چونکە زۆر وشە هەیە له زمانی بیانیەوە وەرگیراوە بە کوردی نازانین چی پێ دەوترێ؟
باشترین جۆری فه‌رهه‌نگ له ڕووی ڕووخساره‌وه فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ییه، ئەمجۆرە فەرهەنگە تەنیا وشە و زاراوەکانی یەک زمان دەخاتە ڕوو، بەو واتایەی لەم جۆرە فەرهەنگەدا وشەکان بەشێوەی ستاندارد دەنووسرێت و لە بەرانبەریشدا زار و بنزارەکان دادەنرێت، کەواتە ئەمجۆرە فەرهەنگە پەیوەستە بە زار و شێوه‌زارەکانی زمانێک، هەندێک جار لەم جۆرە فەرهەنگەدا لێکدانەوە بۆ وشەکانیش دەکرێت، کەواتە ئەم فەرهەنگە بریتییە لە فەرهەنگی (کوردی_کوردی)، (عه‌ره‌بی_عه‌ره‌بی)، (ئینگلیزی_ئینگلیزی).
نموونەی ئەم جۆرە فەرهەنگە لە زمانی کوردی‌دا، وەکو فەرهەنگی (خاڵ)ی شێخ محەمەدی خاڵ، فه‌رهه‌نگی (ته‌قی) که له له‌لایه‌ن جه‌لال ته‌قی و کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری تر دانراوه، فەرهەنگی (زەبیحی)ی عەبدولڕەحمان زەبیحی، فەرهەنگی (کانی) کە محه‌مه‌د ساڵح پێندرۆیی(جگه‌رسۆز) نووسیویه‌تی و کرمانجی سەروو ـ کرمانجی ناوەڕاستە، فەرهەنگی (هەراشان) و فەرهەنگی (هەرزە)ی ئەکادیمیای کوردی، فەرهەنگی (وشەنامە)ی جەمال حەبیبولڵا کە هەورامی_کرمانجیی ناوەڕاستە، فەرهەنگی (شێخانی)ی عه‌بدولوه‌هاب شێخانی، فه‌رهه‌نگی (ئه‌ناهیتا)ی یووسف ڕه‌شید، فه‌رهه‌نگی (فه‌رهه‌نگا کوردی)ی جگه‌رخوێن..هتد.
که‌واته لای کورد هه‌وڵدراوه فه‌رهه‌نگی کوردی بۆ کوردی دابنرێت، به‌ڵام ئه‌م فه‌رهه‌نگانه هه‌موو دیاڵێکته‌کانی نه‌گرتوونه‌ته‌خۆ، به‌ڵکو زیاتر یه‌ک دیالێکت یان دوو دیالێکتی له‌خۆ گرتووه، کورد پێویستی به فه‌رهه‌نگێکی وه‌ک ئۆکسفۆرد و مونجد و مه‌وڕید هه‌یه، که هه‌موو وشه ڕه‌سه‌نه‌کانی زمانه‌که‌ی خۆی تێدا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ر کاتێ پێویستمان به وشه‌یه‌ک هه‌بێت له به‌رانبه‌ر وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بی یان ئینگلیزی یان هه‌ر زمانێکی تر په‌کمان نه‌که‌وێت و داینێن، که ئه‌مه‌ش پێویستییه‌کی حه‌تمییه ئێمه فه‌رهه‌نگێکی گه‌وره‌ی کوردی بۆ کوردیمان هه‌بێت.
بۆچی لە ناوەندەکانی خوێندن، بەتایبەت زانکۆ و پەیمانگه‌کان زمانی کوردی فەرامۆش کراوە؟ واته زمانەکە سەرەڕای ئەوەی زمانی دایکه لە ناوەندەکانی خوێندن بووەتە زمانی سێیەم؟
له هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌ره‌وه‌رده و خوێندنی باڵا ئاراسته‌یه‌ک هه‌یه که زمانی کوردی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه به‌سه‌ر لایه‌نه زانستییه‌کان زاڵ بێت، به‌و واتایه‌ی ئه‌وان بڕوایان وایه زمانی کوردی ده‌ره‌قه‌تی بابه‌تی زانستی نایه‌ت، ئه‌مه‌ش ئاراسته‌یه‌کی هه‌یه، چونکه ئه‌گه‌ر وانه‌کانی کۆلیژه پزیشکییه‌کان به زمانی کوردی بوونایە، ئه‌وا زیاتر پزیشکه‌کان له زانسته‌که ده‌گه‌یشتن و سوودی زیاتریان بۆ کۆمه‌ڵگه ده‌بوو، چونکه له‌م کۆلیژانه قوتابی نازانێ خه‌ریکی خۆفێرکردنی زمانی ئینگلیزی بکات یان به زانسته‌که ڕابگات، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات دواتر به نیوه‌چڵی فێر بێت و زه‌ره‌ری بۆ کۆمه‌ڵگه هه‌بێت، به هه‌مان شێوه کۆلیژه ئه‌ندازیارییه‌کان و نه‌وتییه‌کان و کۆلیژه زانستییه‌کانی تر، پێویسته زیاتر ئه‌م زانستانه وه‌رگێڕدرێنه سه‌ر زمانی کوردی، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر خزمه‌ت به تاکی کوردی بکات. بۆ ئه‌م بابه‌ته نموونه‌یه‌کت بۆ ده‌هێنمه‌وه ئه‌ویش سه‌رده‌می عه‌بباسییه‌کانه، خەلیفەی دووەمی عەباسی خەلیفە مەنسوور(754 – 775 زایینی)، پشتگیریی وەرگێڕانی دەکا و دەزگایەکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە دادەمەزرێنی، دوای ئەوە خەلیفە ره‌شیدیش بە هەمان شێوە پشتگیری وەرگێڕان دەکا، بەڵام خەلیفە مەئمون لە هەمووان زیاتر لەم بوارە کاری کردووە. لە ساڵی 830 زایینی گرنگترین دەزگای فەرهەنگی دامەزراند بە ناوی خانەی حیکمەت (دار الحکمە) لە بەغدا کە تایبەت بوو بۆ وەرگێڕان و لە هەمان کاتدا ئەکادیمیایەک بوو بۆ لێکۆڵینەوە و کتێبخانەش بوو. لەم خانەیە 64 وەرگێڕی هەبوو کە وەرگێڕانیان لە زمانەکانی وەک یۆنانی، سریانی، فارسی و سانسکریتی و ئارامی بۆ زمانی عەرەبی دەکرد.
لەم سەردەمە ژمارەیەکی زۆر لە کتێب لە هەموو بوارێک وەرگێڕانە سەر زمانی عەرەبی. بۆ نمونە کتێبی جوگرافیای پەتلیمۆس چەند جارێک بۆ عەرەبی وەرگێڕاوە، یان ڕاستەخۆ لە یۆنانییەوە یانیش لەڕێی زمانی سریانییەوە، زمانی سریانی کە زمانی ئایینی مەسیحییە نەستۆرییەکان بوو. کتێبەکانی یۆنانی لەبارەی فەلسەفەی ئەخلاق، کە لە کتێبی ئەخلاقی ئەرستۆوە دەست پێ دەکات، یەکەم وه‌رگێڕان بوو لەم بوارە و بنچینەی زانستی ئەخلاقی دامەزراند. کتێبی سندیباد لەلایەن محەمەد کوڕی ئیبراهیم فەرزای کرا بە عەرەبی کە لە زمانی هیندییەوە وەرگێڕدرابوو. لەو سەردەمە عەرەبەکان کتێبێکی زۆریان لە زمانی یۆنانییەوە بۆ عەرەبی وەرگێرا بە تایبەت لە بواری زانست و فەلسەفە، بەڵام زۆر کەم ئاوڕیان لە شیعر و درامای یۆنانی دایەوە. لەلایەکی دیکەوە، بۆ ئەدەبیات زمانی فارسی بەرهەمێکی زۆری ئەدەبی هەبووە. هیندستان، وڵاتیک بوو سەرچاوەیەکی گرنگ بوو بۆ ئەدەبیاتی حیکمەت و ماتماتیک، زۆر بەرهەمی فارسی سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هیند. وەک کتێبی هەزار و یەک شەو، کەلیلە و دمنە، کە ئەمانە لەسەر بنچینەی وه‌رگێڕانێکی فارسی ناوەڕاست هاتوون کە ئەویش لە سەرچاوەیەکی سانسکریتییەوە وەرگیراوە. سانسکریتیش سەرچاوەیەکی گرنگ بووە بۆ سەرچاوەی پزیشکی، کە لەسەرەتادا بۆ زمانی فارسی وه‌رگێڕدراون ئینجا بۆ عەرەبی.
یەکێک لە گرنگترین وەرگێڕەکانی ئەو سەردەەمە کەسێکی مەسیحی سریانی بوو بە ناوی حونەین ئیبن ئیسحاق کە بە میری وەرگێڕەکان ناسراوە، بە هۆی بایەخ و باشی وەرگێڕانەکانی، خەلیفە مەئمون بە زێر نرخی وەرگێڕانەکانی بۆ دەدا، کتێبە وەرگێڕاوەکانی دەکێشا و لە بەرانبەری زێری وەردەگرت. حونەین ئیبن ئیسحاق نزیک بە 100 دەستنووسی بۆ سریانی وه‌رگێڕان کردووە، 39 دەستنووسی بۆ عەرەبی وه‌رگێڕاوە کە کارەکانی ئەرستۆ و ئەفلاتون و پەتلیمۆس بوون.
لەو سەردەمە دوو میتۆد بۆ وەرگێڕان ڕەچاو دەکرا، بۆ نمونە یوحەننا ئیبن ئەلبەتریق وەرگێڕانی وشە بە وشەی دەکرد، واتە بۆ هەر وشەیەکی یۆنانی وشەیەکی عەرەبی، ئەگەر نەبووایە هەر یۆنانییەکە بەکار دەهات. ئەم میتۆدە سەرکەتوو نەبوو هەر بۆیە دواتر لەسەر داواکاری خەلیفە مەئمون، حونەین بن ئیسحاق بەکارەکانی بەتریقدا چووەوە، چونکە حونەین پشتی بە وه‌رگێڕانی واتایی دەبەست، بۆیە کارەکانی ئەو سەرکەتوو بوو کە ماناکەی بە جوانی دەگوێزایەوە بەبێ تێکچوونی ماناکەی لە زمانی ئامانج.
لە سەردەمی زێرێنی وەرگێڕان لەژێر حوکمڕانیی عەباسییەکان سەردەمێکی نووسین و لێکۆڵینەوەی بە دوای خۆیدا هێنا لە بواری "ئەستێرەناسی، کیمیا، جوگرافیا، زمان‌ناسی، دینناسی و فەلسەفە". وەک نووسینەکانی ئیبن سینا و تەبەری و ڕازی کە هەرسێکیان بە ڕەچەڵەک فارس بوون کە لە نووسینەکانیان بۆچوون و ڕەخنەی خۆیان لە سەر سەرچاوە یۆنانییەکان نووسیوە، وەک نووسینەکانی ئەرستۆ، ئەم بزووتنەوە فکرییەش لە ئەنجامی وەرگێڕانی بەرهەمە فکرییەکانی یۆنانەوە هاتە کایەوە. لە بارەی نوسینەکانی ئیبن ڕوشد و مو‌سا ئیبن مەیمون فەیلەسوفی جوولەکە بە هەمان شێوە کارە وەرگێڕاوەکان ڕۆلێکی بەرچاوی هەبوو لە نووسینەکانیان.
وشه/ هاوژین عه‌بدولواحێد