پەرلەمانتارێكی كورد: پشكی هەرێم لە بودجەی پێشنیازكراوی 2020 باشە

:: PM:04:37:13/09/2020 ‌

بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنێكی دەنگ لەسەر پڕۆەی پێشنیازكراوی بودجەی 2020 بۆ چەند مانگی داهاتووی ئەمساڵ بدات، دوای بڵاوكردنەوەی رەشنووسی پێشنیازكراوی بودجەكە، پەرلەمانتارێكی كورد دووپاتی كردەوە كە پشكی دیاریكراو بۆ هەرێم باشە.
تێپەڕاندنی بودجەكە بەو شێوەیە پێوەستە بە رێككەوتنی سیاسی هەولێر و بەغدا
شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان گوتی، پشكی هەرێمی كوردستان لە رەشنووسی بودجەی 2020 باشە و هەنگاوێكە بەرەو سەقامگیریی پێوەندییەكانی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، هەروەها زیادكردنی تێكڕای مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رەشنووسی بودجەكە لە 68 ملیار دینارەوە بۆ 76 ملیار دینار، ئەوەیش هەنگاوێكی باشە، ئەو دووپاتی كردەوە كە تێپەڕاندنی بودجەكە بەو شێوەیە، پێوەستە بە رێككەوتنی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا و ئاستی قەناعەتكردنی پەرلەمانی عێراق بە دەنگدان و پەسندكردنی.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی كرد، رەشنووسی بودجەی 2020ی عێراق لە رووی تەكنیكییەوە و بە بەراورد بە دۆخی وڵات و كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆنا باشە، دووپاتی كردەوە كە رەشنووسەكە لە هەرێمی كوردستان زۆر قبووڵكراوە.

ئەوە لەوكاتەی جەمال كۆچەر، ئەندامێكی تری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەو رەشنووسەی دوێنێ ناوەڕۆكەكەی بڵاو كرایەوە گوتی، ئەوە تەنیا رەشنووی ئامادەكراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئاراستەی ئەنجوومەنی شارەزایان لە ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بۆ دانی تێبینییەكانیان و مەرج نییە بەو شێوەی ئێستە بمێنێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل