دوور لە بینە و بەردەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پەیامی كازمی لە هەرێم چی بوو؟

:: PM:07:47:13/09/2020 ‌

پێنجشەمی رابردوو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و تا ئێوارەی هەینی مایەوە، چاوی بە بەرپرسانی باڵای هەرێم كەوت، ئەو سەردانی دەروازە سنوورییەكان و كەمپی ئاوارەكانیشی كرد، دوور لەوەی ئاخۆ نمایش و بانگەشەیەكی هەڵبژاردنی كردبێت، پەیامی كازمی لەو سەردانەی چی بوو؟
كازمی پێویستی بە هەرێمە و كوردیش پاڵپشتی لێ دەكات
سیستمی نوێی سیاسی لە عێراق لەسەر بنەمایەكی بەشبەشێنەی تایفی و پێكهاتەیی بنیات نراوە و پۆستە باڵاكان لەسەر ئەو بنەمایە دابەش كراون، لە دوای 2003 حكوومەتە دواییەكەكانی عێراق، لە سۆنگەیەكی تایفی و پێكهاتەیی و بە گیانێكی شۆڤینی نەتەوەیی و تایفییەوە سەیری بابەتەكانیان كردووە و زیاتر هەوڵی دەستكەوتیان بۆ خۆیان و حزب و تایفەكەیان دوور لە گیانی نیشتمانی و بەیەكەوە ژیان داوە، بۆیە بۆشاییەكی گەورە لە نێوان كورد و شیعە و سوننە و تەواوی پێكهاتەكان هەیە، هەموویان باسی ستەملێكراوی خۆیان و زیادخۆری بەرانبەرەكەیان دەكەن، بەتایبەتی كورد، كە توانوویەتی لە چەند روویەكەوە پێشەنگی لە عێراقی دەوڵمەند بە نەوت و داهات و یەدەگی دراو وەربگرێتەوە. 

جەمال كۆچەر، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لەبارەی سەردانی دوایی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ "وشە"، گوتی، سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان چەند مەبەستێكی لەپشت بووە، ئەو چەند پەیامێكی هەبوو و گەیاندی، سەرەتا ویستی پەیامێك بۆ عێراقییەكان رەوانە بكات، بەوەی ئەو بودجەی بە هەرێمی كوردستانم داوە، بێ بەرانبەر نییە و سەردانی خاڵە سنوورییەكانی كرد كە بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم بەڕێوە دەبرێت، وەك چۆن سەردانی بەسڕەی كرد، سەردانی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمیشی كرد، ئەوانەی لەگەڵ كازمی ناكۆكن، پرسیاری ئەوەیان دەكرد كە لە وەزیری داراییش كرا لە پەرلەمان، بەوەی چۆن پارە بە هەرێم دەدەن كە بە رێككەوتنەكان پابەند نەبووە، وەزیری دارایی عێراق وەڵامی نەبوو، ئەو چاوەڕوانی دەكرد وێنەی سەردانەكەی كازمی بڵاو ببێتەوە ئینجا قسە بكات.

كۆچەر دووپاتی كردەوە، لەلایەكی تر ئەو هات و چووە ناو خەڵك، ئەوەیش رەنگە بۆ ئەو حسێب بێت، جیا لەوە رەنگە سەردانەكە هەنگاوێكی رێخۆشكەر بێت بۆ پاڵپشتیكردنی رێككەوتنی چاوەڕوانكراوی هەردوو حكوومەت بەوەی بگەن بە رێككەوتن، بەگشتی لە بەغدایش پێیان خۆش بوو كە وەك یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراق بچێتە خاڵێكی سنووری، لەوكاتەی پێش ئێستە دەیانگوت هەرێم قبووڵ ناكات.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئەوانە و هەندێك بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنیشی بۆ قۆناغی تیادا بوو، بەڵام دوای سەردانی كازمی، ئێستە هەلێك هاتووەتە پێش و زەوینەیەكی لەبارتر هەیە، بۆیە پێویستە كورد پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت كە بەرانبەر رەوانەكردنی 320 ملیار دینارەكە كراوە، دواتر پێویستە كورد وریا بیت و هەر مەرج و پابەندییەك قبووڵ بكات، لەسەری دەبێتە ماڵ و دەبێت پێوەی پابەند بێت، ئەوەی گرنگە پێویستە هەرێم چاكسازی راستەقینە بكات و جارێكی تر خەڵكەكەی بگەڕێنێتەوە، لە سەردانەكەی كازمی ئەو خەڵكە تەنیا لەبەر خۆشەویستی كازمی پێشوازیان نەكرد، بەڵكو لە توڕەیی بوو، ئەوەیش خاڵێكی مەترسیدارە و تەنیا بە چاكسازییەكی راستەقینە چارەسەر دەبێت، بۆیە كاتی هاتووە چاكسازی بكرێت.

"پێویستە هەرێم لەگەڵ بەغدا رێك بكەوێ، چونكە تەنگژەی ئابووری تەواوی دنیای گرتووەتەوە و عێراق كە دەوڵەتە، بەقسەی وەزیری دارایی ناتوانن قەرز لە دەرەوە پەیدا بكەن، پێویستیان بە 27 ترلیۆن دیناری تر هەیە ناتوانن پەیدای بكەن، ئەگەر پەیدایش بكەن گورزێكی گەورە لە ئابووری ناوخۆیی و بانكەكان دەدەن، ئێستە عێراق وەك دەوڵەت و حكوومەت گۆڕاوە لە رووی بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم، دواتر بەزاندنی سنوورەكان كێشەیەكی گەورەیە بۆ هەرێم و پێویستە سوود لە پاڵپشتی عێراق وەك دەوڵەت وەربگرێت بۆ بەرگریكردن لەخۆی"، كۆچەر دووپاتی كردەوە. 

لای خۆیەوە بەشار كیكی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، سەردانەكە زەوینەخۆشكردنە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەست و كێشانەی دێنە پێش هەرێم و كازمی وەك بودجە، ئێستە لە عێراق بەرەیەكی دژ بە كازمی هەیە و بەهێزە، لەلایەك كورد پاڵپشتی لە كازمی دەكات و ئەو هەنگاوەی كازمیش بە خەرجكردنی 320 ملیار دینارەكە بۆ سێ مانگی داهاتوو هەنگاوێكی باش بوو، شێوازی سەردانی كازمی بۆ هەرێم لەگەڵ ئەوانەی پێشخۆی جیاواز بوو، ئەوەیش بۆ باكگراوەندی سیاسی و تەناهی و راگەیاندن دەگەڕێتەوە، هاوكێشەیەكی گرنگ لە عێراق هەیە، ئەویش بێ كورد سەقامگیریی سیاسی نایەتە ئاراوە و كازمی ئەوە باش دەزانێت، بۆیە كازمی پێویستی بە پاڵپشتی هەرێمە لە رووەكانی سیاسی و تەناهیشەوە.          



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل