هاووڵاتییان بە لێشاو قەرزی نیشتەجێبوون دەگەرێننەوە بۆ حکوومەت

:: PM:03:20:14/09/2020 ‌
دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە رێژەی %15 لە قەرزەكانی خۆی لەسەر هاووڵاتییان خۆشبێت و تیایاندا قەرزی نیشتەجێبوونیشی گرتەوە، بەڕێوەبەری بانكی نیشتەجێبوون لە سلێمانی دەڵی، هاووڵاتیان دەستیان بە دانەوەی قەرزەكان كردووە.
رۆژانە سەروو 20 كەس سەردانمان دەكەن و تەواوی قەرزەكانیان دەدەنەوە

بڕیارەکە دوو هەفتە پێش ئێستا بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی رەوانەی بانكی نیشتەجێبوونی شارەكان كراوە و بەڕێوەبەری بانكی نیشتەجێبوونی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، رۆژانە سەروو 20 كەس سەردانمان دەكەن و تەواوی قەرزەكانیان دەدەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 14ی ئەیلوول، یاسین مەحموود بەڕێوەبەری بانكی نیشتەجێبوون لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، پێش ئەوەی حكوومەتی هەرێم لە رێی وەزارەتی داراییەوە بڕیاری نوێ بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان دەربكات، ئەوانەی قەرزی نیشتەجێبوونیان لەسەربوو، بە شێوەی ئاسایی دەهاتن و ساڵانەكەیان دەدایەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لەدوای بڕیارەكە، ئێستا رۆژانە سەروو 20 كەس دێنە بەڕێوەبەرایەتی و تەواوی قەرزەكەیان دەدەنەوە بۆ ئەوەی بە رێژەی %15 لێخۆشبوونیان بۆ بكرێت، ئەمەش داهاتێكی زیاتر بۆ حكوومەت دەگەڕێنێتەوە، لە لایەكی تریشەوە، وەك هاوكاری حكوومەت وایە بۆ ئەوانەی قەرزیان لەسەرە.

"هەموو ئەوانەی قەرزەكە دەگەڕێننەوە بۆ بانكی نیشتەجێبوون، بە پێی بڕی قەرزەكە لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت كە %15ە و بەمەش بڕە پارەیەک بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە" یاسین مەحموود وای گوت.

بەپێی ئامارێك كە بە "وشە" دراوە، لە سنووری سلێمانی سەروو 10 هەزار هاووڵاتی قەرزی بانكی نیشتەجێبوونیان لەسەرە كە لە 18 ملیۆنەوە بۆ 30 ملیۆن دیناریان لە رابردوو وەرگرتووە و ئەوانەشی قەرزەكە دەگەڕێننەوە بڕەكەیان جیاوازە و لە سەرووی سێ ملیۆنەوە بۆ 10 ملیۆن دینار دەبێت.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان